شارپرێس:
بەگوێرەی خەمڵاندنی شارەزایانی ئابوریی، لەماوهى
23 ساڵى ڕابردوهوه تائێستا عێراق بەهۆی قاچاخچێتیی نەوتەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتوە
کە لەنێوان 120 بۆ 150 ملیار دۆلاردا دەخەمڵێنرێت، بەتێکڕای ساڵانەی دوو بۆ سێ ملیار
دۆلار، ئەم ئامارە مەترسیدارە هاوکاتە لەگەڵ ئاشكرابونى دۆسیەی (کونکردنی بۆرییەکانی
نەوت)و ئاشکرابونی نزیکەی 300 کێڵگەی نهێنی بۆ شاردنەوەی پارەو بۆریی ژێرزەوی کە
بەهۆیەوە هەڵمەتە ئەمنییەکانی عەلی زەیدیی لەجورف سەخرو نەجەف چڕبونەتەوەو ئەگەری
لەسەرکارلادانی وەزیری نەوتیشی هێناوەتە ئاراوە.
دۆسیەی دزینی نەوت لەڕێگەی (کونکردنی بۆرییەکان)و
بەکارهێنانی 300 کێڵگەی نهێنی بۆ شاردنەوەی پارەو بۆریی ژێرزەوی، بوەتە گەورەترین
ئابڕوچون کە هەڕەشەی دورخستنەوە لەوەزیری نەوتی عێراق دەکاتو بەرپرسانو پەرلەمانتارانی
نزیک لەحکومەتی پێشوو تێوەدەگلێنێت، ئەم هەڵمەتە فراوانەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی
عێراق، کە دوای چونەناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ جورف سەخر چڕبوەتەوە، تەنها بۆ کۆکردنەوەی
چەک نییە، بەڵکو ئامانج لێی وشککردنی ئەو سەرچاوە داراییانەیە کە گروپە چەکدارەکان
لەژیاندا دەهێڵێتەوەو هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی واشنتۆن بۆ تەنگپێهەڵچنینی ئابوریی
تاران یەکدەگرێتەوە.
لەبەغدا ئەگەری لەسەرکارلادانی باسم عەبادی
وەزیری نەوت بەهێز بوە، ئەمەش دوای تەقینەوەی دۆسیەی کونکردنی بۆرییەکانی نەوت کە
لەنیوەی دوەمی ئهمساڵهوه بوەتە هۆی دورخستنەوەی نزیکەی 70 بەرپرس بەتۆمەتی گەندەڵیی.
دواینو هەستیارترین ئەم دۆسیانە لەپارێزگای
نەجەف ئاشکرا بوو، کاتێک تۆمەتەکان گەیشتنە سەرۆک هۆزێکو دوو براکەی؛ هۆزی حەسناوی
ڕایگەیاند، حسێن حەسناوی خۆی ڕادەستی دادگا کردوە دوای تۆمەتبارکردنی بەدزینی نەوت
لەڕێگەی بۆرییەکی کونکراو لەناو کێڵگەی خێزانەکەیاندا.
هاوکات دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو
براکەی دەرکردوە کە بریتین لەعەبدولهادی حەسناوی (پەرلەمانتاری نەجەف لەهاوپەیمانییەکەی
محەمەد شیاع سودانی)و محەمەد حەسناوی (سەرۆکی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگاکە)،
بەڵام هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەنو زانیاریش هەیە کە بەرەو دەرەوەی
عێراق (بەتایبەت ئێران) هەڵاتبن.
لەڕوی سیاسیشەوە، وەزارەتی نەوت کە پشکی
هاوپەیمانییەکەی سودانییە، پێش ئەم گهندهڵیهش لەکۆبونەوە سیاسییەکاندا وەک یەکێک
لەدیارترین وەزارەتەکان بۆ گۆڕانکاریی باسدەکرا، ئێستاش تێوەگلانی کەسانی نزیک لەسودانی،
دەرفەتێکی نوێ دەداتە نەیارەکانی بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی پۆستەکان، لەبەرامبەردا،
ڕائید مالیکی پەرلەمانتاری پێشوو، ڕەخنەی توند لەوەزارەتی نەوت دەگرێتو دەپرسێت،
"چۆن بۆرییەکان کوندەکرێنو نەوت دەدزرێت بێئەوەی پێوەرو سیستمی کۆنترۆڵی وەزارەت
ئەو کەمبونەوەیە ئاشکرابکات؟".
نهێنیی 300 کێڵگە شاراوەکەو زیانی 150 ملیار
دۆلار
ئهوهى لهنەجەف ئاشكرابوو، دۆسیەیەکی کۆنتری
هەڵدایەوە کە پەیوەندیی بەنزیکەی 300 کێڵگەی نهێنییەوە هەیە لەبەغداو پارێزگاکانی
(سەڵاحەدین، نەینەوا، واست، میسان، دیوانیەو دیالە)، کە بونەتە حەشارگەی پارەی
دزراو، داواکراوانو بۆریی ژێرزەوی.
زانیارییە ئەمنییەکان دەریدەخەن کە تۆڕەکان
تەکنیکی زۆر ئاڵۆزیان بەکارهێناوە، لهو ڕوهشهوه دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باندێکی
دەستگیرکردوە کە لەناو کێڵگەیەکدا تۆڕێکی بۆرییان لەقوڵایی 270 مەتر لەژێر زەوی
دروستکردبوو و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی چیمەنتۆیان دەستکاریکردبوو بۆ گواستنەوەی نەوتی
خاو، کە تەنها قازانجی مانگانەی ئەو باندە 500 ملیۆن دینار بوە.
ههروهها لەحوزەیرانی ڕابردوى ئهمساڵدا، دەسەڵاتداران
بڕی 20 ملیار دیناریان دۆزییەوە کە لەناو کێڵگەیەکی (عەدنان جومەیلی) بریکاری پێشوی
وەزیری نەوت لەناوچەی بێجی شاردرابوەوە، وەزارەتی نەوت-یش زیاتر لەچوار هەزار حاڵەتی
کونکردنی بۆرییەکانی تۆمارکردوە (بەتایبەت لەهێڵی کەرکوک-جەیهان)، بهگوێرهى خەمڵاندنی
شارەزایانی ئابوریی، لەساڵی 2003وە تائێستا، عێراق بەهۆی قاچاخچێتیی نەوتەوە لەنێوان
120 بۆ 150 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە (ساڵانە دوو بۆ سێ ملیار دۆلار).
لەجورف سەخرەوە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی
گروپە چەکدارەکانو ئێران
ئاشکرابونی کێڵگەکەی نەجەف تەنها یەک ڕۆژ
دوای ئەوەهات کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ یەکەمجار لەماوەی 12 ساڵدا چونە ناو
ناوچەی جورف سەخر کە بەهۆی گومانەکانی قاچاخچێتیی نەوتەوە بوو. حەیدەر عەبودی وتەبێژی
حکومەت ڕایگەیاندوە، دەستگیرکردنی کەسایەتییە دەستڕۆیشتوو و سیاسییەکان لەم دۆسیەیەدا
ئەگەرێکی کراوەیە.
ئیحسان شەمەری سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسیی
پێیوایە، ئەوەی لەجورف سەخرو نەجەف ڕودەدات، قۆناغی دوەمی پلانی عەلی زەیدییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی
پێكهاته یان سیستمى گروپە چەکدارەکان؛ بەجۆرێک، دوای هەوڵی کۆکردنەوەی چەک، ئێستا
حکومەت دەستی بردوە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانو گرێبەستە وەبەرهێنانەکانیان،
بەتایبەت دوای ئەوەی کەتیبەکانی حزبوڵڵاو سێ گروپی دیکە ڕادەستکردنی چەکیان ڕەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مونقیز داغر توێژەری سیاسیی،
کاتی هەڵدانەوەی ئەم دۆسیانە دەبەستێتەوە بەگوشارە چڕەکانی ئەمریکا (دوای سەردانی
تۆم باراکو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان زەیدییو دۆناڵد ترەمپ) بۆ تەنگپێهەڵچنینی
ئێران.
داغر ئاماژە بەهەڵاتنی یەکێک لەتۆمەتبارانی
دۆسیەکەی نەجەف بۆ ئێران دەکاتو پێیوایە، واشنتۆن چاودێریی وردی سنورە وشکانییەکانی
ئێران دەکات تا ڕێگریی بکات لەوەی تارانو تۆڕەکانی سەر بەئێران، سود لەنەوتی
قاچاخی عێراق وەربگرن.
