شارپرێس:
بڕیارەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکییە کۆنەکانی نێوان بەغداو هەولێری لەسەر دەسەڵاتو داهاتەکان زیندوکردەوەو پرسیارێکی دەستوریی یەکلاکەرەوەی هێنایە ئاراوە، ئایا بەغدا مافی هەیە بەبڕیارێکی تاکلایەنە دەروازەکان وەربگرێتەوە، یان دەبێت بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم؟
بڕیارەکەی زەیدیی لەچوارچێوەی پاکێجێکی فراوانتردا هات دوای لێکۆڵینەوە لەگومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لەکۆمپانیای نەوتی باکور کە هاوکات هەناردەی نەوتو چەند کێڵگەیەکی ناوچە جێناکۆکەکانیشی گرتەوە، لەبەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، هەولێر دەرگای گفتوگۆی دانەخستوەو دەبێت کێشەکان بهگوێرهى دەستور چارەسەربکرێن.
دەستوور لەنێوان مافی بەغداو دەسەڵاتی هەولێردا
دەستوری عێراق هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندییان بەسنورەکانەوە هەیە لەیەک خانەدا دانانێت، بەڵکو دەسەڵاتەکانی دابەشکردوە، بهشێوهیهك مادەی 110، دەسەڵاتی تایبەتو ڕەها (حەسری) دەداتە حکومەتی فیدراڵ بۆ داڕشتنی سیاسەتی داراییو گومرگی، هەروەها پاراستنی سنورەکانی عێراقیش دەخاتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی سیاسەتی ئەمنیی فیدراڵییەوە.
هاوكات مادەی 114، بەڕێوەبردنی گومرگەکان دەخاتە ناو دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵو هەرێمەکانداو بەڕونی دەڵێت، دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان ئەنجامبدرێت.
ههروهها مادەی 115و 121، مادەی 115 جەختدەکاتەوە، لەکاتی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان، ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمو پارێزگاکانە؛ هاوکات مادەی 121 دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانانو دادوەریی دەداتە هەرێم لەو بابەتانەی کە ناکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە ڕەهاکانی حکومەتی فیدراڵییەوە.
بەم پێیە، جەوهەری ناکۆکییەکە لێرەدایە؛ بەغدا پشت بەدەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گومرگیو پاراستنی سنور دەبەستێتو هەولێریش پشت بەو دەقە دەستورییە دەبەستێت کە بەڕێوەبردنی گومرگ دەکاتە دەسەڵاتێکی هاوبەشو هەماهەنگی دەکاتە مەرج.
سێ بژاردەو سیناریۆی بەردەم بەغداو هەولێر
لەسایەی ئەم ناکۆکییە دەستوریەدا، سێ سیناریۆ لەبەردەم هەردولادان ئهوانیش، (دانوستان لەسەر ئیدارەی هاوبەش (کەمترین گرژیی) لەم بژاردەیەدا بەغدا ئەرکی یەکخستنی پێناسی گومرگی، سیستمەکانی چاودێرییو بەدواداچونی داهاتەکان دەگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم لەسەر ڕۆڵی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەڕێوەبردنی ڕۆژانەو شێوازی کۆکردنەوەی داهات، ئەم ڕێڕەوە بنەمایەکی کرداریشی هەیە، چونکە لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا هەردولا ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا"و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.
سیناریۆى دوهمیش جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەبێ ڕێککەوتن (تاقیکردنەوەی مەیدانیی) دهبێت، لهمهشدا ئەگەر بەغدا هەوڵبدات فەرمانبەر بنێرێت بۆ وەرگرتنی دەروازەکان کە هەولێر ڕەتیدەکاتەوە، ئەوا قەیرانەکە دەگۆڕێت بۆ ناکۆکییەکی دەستورییو کارگێڕیی قوڵ لەسەرئەوەی کێ بەکردەیی دەروازەکە بەڕێوەدەبات، لەم دۆخەشدا بهگوێرهى مادەی 93ی دەستور، دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەستورو یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەولێری هەیە.
سیناریۆى سێیهمیش بریتى دهبێت لهبەردەوامبونی دۆخی ئێستا (زیانگەیاندن بەبازرگانیی)، ئەم سیناریۆیە بەمانای مانەوەی ئیدارەی کردەیی دەروازەکان دێت لەدەستی هەرێمدا، لەگەڵ بەردەوامبونی فشارەکانی بەغدا بۆ فراوانکردنی چاودێرییو سەپاندنی ڕێسا گومرگییە فیدراڵییەکان، ئەمەش ناکۆکییەکان بێ چارەسەر درێژدەکاتەوەو ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر جوڵەی بازرگانی دادەنێت، بەتایبەت ئەگەر دوانەیی ڕێکارەکانو جیاوازیی مۆڵەتەکان ببنە هۆی پەکخستنی بارهەڵگرو کاڵاکان.
