سبه‌ینێ له‌هەولێر گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەریی بەڕێوەدەچێت

کوردستان

56 خولەک پێش ئێستا‌ 3282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێناو پاراستنی خاکی نیشتمان، یەکڕیزیی‌و بەرگریکردن لەمافە دەستورییەکان، سبەی پێنجشەممە (26ی تشرینی دوەمی 2026) لەناوەندی شاری هەولێر گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردن لەقەوارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.


ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی نوێنەرانی سەرجەم چین‌و توێژەکان داواکارییەکیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێشکەشکردبوو، بڕیاردرا سبەینێ لەکاتژمێر (1:30)ی پێشنیوەڕۆ لەنزیک قەڵا لەباغی شار گردبونەوەو خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بەبەشداریی تەواوی پێکهاتەو توێژە جیاوازەکان دەستپێبکات.

پارێزگاری هەولێر جەختیکردوه‌ته‌وه‌، وەک لیژنەی ئەمنیی پارێزگا، وێڕای پێدانی مۆڵەتی فەرمی، سەرجەم ڕێکارو ئامادەکارییە پێویستەکان گیراونەتەبەر بۆ ڕێکخستن‌و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئومێد خۆشناو بانگەوازێکی ئاراستەی جەماوەر، سەرجەم چین‌و توێژەکان، هێزە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی‌و نەتەوەییەکان‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە بەشدارییەکی کاراو بەرفراوانیان لەخۆپیشاندانەکەدا هەبێت، وەک پەیامێکی یەکگرتوو بۆ داکۆکیکردن لەقەوارەو مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.