بۆچى به‌رپرسانى هه‌رێم توشى سه‌ڕسوڕمان بون؟ هه‌رێم پێشوه‌خته‌ دوو مه‌رجى زه‌یدیى قبوڵكردبوو

کوردستان

9 خولەک پێش ئێستا‌ 3081 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەوەڵامی چوار مەرجە قورسەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لەڕێگەی فالح فەیازەوە گەیەندرابونە هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئامادەیی هەرێمی نیشانداوە بۆ قبوڵكردنى دوو مه‌رج‌و دوانى دیكه‌شى به‌ته‌واوى ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌.


جوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیی نەوت چیتر لەناوچەی جورف سەخر قەتیس نەماون، بەڵکو بەغدا بازنەی ڕێکارەکانی فراوانکردوە بۆ کەرکوک‌و هەرێمی کوردستان؛ هەنگاوێک کە دەرگا بەڕوی ڕوبەڕوبونەوەیەکی سیاسیی نوێدا دەکاتەوەو پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت کە ئایا عەلی زەیدیی دەیەوێت سنورەکانی دەسەڵات دابڕێژێتەوەو هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003؟

لەپێشهاتێکی دیاردا، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەمیانی سەردانەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردویدا بۆ هەولێرو کۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، پەیامێکی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراقی گەیانده‌ سەرکردایەتیی هەرێم، هەرچەندە دەقی فەرمیی پەیامەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هه‌ر ئه‌وكات شارپرێس ئاشكرایكرد، ناوەڕۆکەکەی تایبەتە بەخستنەژێر دەسەڵاتی ناوەندیی دەروازە سنورییەکان، داهاتەکان، کۆمپانیا نەوتییەکان‌و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شارپرێس ئه‌وكات بڵاویكرده‌وه‌، عەلی زەیدی چوار مەرجی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان هه‌بوه‌ كه‌ بریتین لە(ڕادەستکردنی 440 هەزار بەرمیل نەوت بەبەغدا، بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەلایەن کۆمپانیایەکی جیهانییەوە، خستنەژێر کۆنترۆڵی سنورەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیا، ئێران‌و سوریا بۆ ژێر دەسەڵاتی سوپای فیدراڵ له‌گه‌ڵ گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ سنوری هێڵی شین واته‌ پێش ساڵی 2003.

هەر به‌گوێره‌ى وردەکاریی مەرجەکانی حکومەتی عێراق، دەبێت لەهەرێمی کوردستان تەنها حه‌وت دەروازەی سنوری بمێننەوەو زیاتر لە17 دەروازەی نافەرمی دابخرێن کە بەغدا هیچ زانیارییەکی لەسەر بەڕێوەبردنیان نییەو زۆرینەیان لەناوچە شاخاوییەکانن‌و بۆ قاچاخچێتی بەکاردەهێنرێن.

سەرچاوەیه‌كى ئاگادار له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەڵامی پەیامەکەی داوەتەوەو ئامادەیی هەرێمی نیشانداوە بۆ هاوکاریی لەڕێگەی لیژنە هونەرییەکان‌و بونی ئیدارەی هاوبەش بۆ کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنورییەکان‌و فڕۆکەخانەکان، بەڵام بەهەموو شێوەیەک هاتنی سوپای فیدراڵ‌و گەڕانەوە بۆ هێڵی شینی ڕەتکردوەتەوە؛ چونکە گەڕانەوە بۆ هێڵی شین بەمانای دابڕینی ناوچەکانی (سحێلە، مەحمودیە، شێخان، ئاکرێ، کفری، بەشێک لەچەمچەماڵ، ناحیەی شوان‌و تەقتەق) دێت لەهەرێمی کوردستان‌و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

ڕۆژێك دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانیارییه‌كان له‌شارپرێسه‌وه‌، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هاته‌ده‌نگ‌و ڕه‌تیكرده‌وه‌ به‌غدا ئه‌و مه‌رجه‌ قورسانه‌ى به‌هه‌ولێر گه‌یاندبێت، ڕاشیگەیاند، "کۆبونەوەکان لەگەڵ فالح فەیاز تایبەتبون بەچارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە، نەوت‌و دەروازەکان لەڕێگەی گفتوگۆو دەستورەوە".

هاوکات سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌پارتى دیموكراتى كوردستان باسى له‌وه‌كردوه‌، سەردانەکەی فەیاز هیچ هەڕەشەو مەرجێکی تێدا نەبوەو هەرێم ڕەزامەندیداوە لەسەر ناردنی لیژنە هونەریی‌و ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی.

سەبارەت بەدەنگۆی بڵاوەپێکردنی هێزی پێشمەرگەش، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتویه‌تى، "جوڵەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاسایی‌و خولییەو هیچ پەیوەندییەکی بەئامادەکاریی بۆ شەڕ دژی هێزە فیدراڵییەکان نییە؛ ئەوەی دەوترێت تەنها پروپاگەندەی سۆشیاڵ میدیایە بۆ دروستکردنی فیتنە".

بەپێچەوانەی لێدوانەکانی پارتییەوە، فایەق ئێزدى سیاسەتمەداری کورد، جەختدەکاتەوە، فالح فەیاز پەیامی ڕاستەوخۆی بەغدای سەبارەت بەنەوت، دەروازەکان‌و هێڵی شین گەیاندوەتە بارزانی.

ئێزدى پێیوایە، عەلی زەیدیی ئەمجارە زۆر جددییە، بەتایبەت دوای سەرکەوتنی لەدۆسیەی جورف سەخرو دەڵێت، "پارتی دەیەوێت بابەتەکە بکاتە ململانێی نەتەوەیی نێوان کوردو عەرەب، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لەڕازیبون بەمەرجەکانی بەغدا، چونکە دەستور، دادگای فیدراڵی، کارتی موچەو پشتیوانیی بێسنوری ئەمریکا (بەتایبەت تۆم باراک، نێردەی ترەمپ)و ئێران‌و تورکیاش لەدەستی زەیدیدان".

لەلایەکی دیکەوە، شێرزاد مستەفا توێژەری کاروباری سیاسیی پێیوایە، عەلی زەیدیی ئێستا لەقۆناغێکی بەهێزدایە کە تەنانەت لەحەیدەر عەبادیی سەردەمی ڕیفراندۆم‌و ڕوداوەکانی کەرکوکی ساڵی 2017یش بەهێزترە، ئەوەش دوای چونەناوەوەی سوپا بۆ جورف سەخرو ڕوبەڕوبونەوەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا.

ئەو توێژەرە دوو کارتی دیکەی بەهێزی زەیدیی ئاشکرادەکات کە فشار لەسەر هەولێر دروستدەکەن ئه‌وانیش، ناکۆکیی نێوان پارتی‌و یەکێتیی به‌پله‌ى یه‌كه‌م دێت، نزیکبونەوەی یەکێتیی لەبەغداو ئەگەری پشتگیریکردنی سلێمانی لەبڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ بەهۆی پەیوەندیی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەغدا، دوه‌میش بێدەنگی‌و توڕەیی ئەمریکا دێت، واشنتۆن لەپارتی نیگەرانە بەهۆی دیارنەمانی ئەو چەکانەی پێشتر بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران نێردرابون‌و نەگەیشتنە دەستیان، بۆیە ئەمریکا لەهەر گرژییەکی نێوان بەغداو هەولێردا یان پشتگیریی زەیدیی دەکات یان تەنها وەک تەماشاکەر دەوەستێت.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دوێنێ سێشه‌ممه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، ڕێکارەکانی پاراستنی سامانی نیشتمانی‌و بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی سەرجەم ناوچەکانی عێراق لەباکورەوە تا باشور دەگرێتەوە، بەهەرێمی کوردستانیشەوە.