شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکی تونددا ئەوپەڕی نیگەرانیو ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەیاننامەکەی دوێنێی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕییو جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان پابەندە بەئەرکە دەستورییەکانی، بەڵام سازش لەسەر هیچ مافێکی دەستوریی ناکات.
ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندوه، ڕاگەیەندراوەکەی بەغدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستورو مافەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانەو ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبون بەسیستمی فیدراڵیو هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندییو مەرکەزی.
هەروەها دوپاتیکردەوە، "بەکارهێنانی زمانی سەربازییو هەڕەشە ڕەتدەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختەو لەمێژینەی داڕێژراوە لەدژی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بەپرسی قاچاخچێتیی نەوتیش، حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە پشتیوانو ههماههنگ بوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیو کاری نایاسایی، داواشیکردوه، "گەندەڵیو بەقاچاخبردنی نەوت لەسەرتاسەری عێراقدا بنبڕ بکرێت".
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران تیشکیخستوهتهسەر مێژوو و ڕەوایی قەوارەی هەرێمو دهڵێت، "هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگەو خوێنی هەزاران شەهیدەو کەس خێری بەخەڵکی کوردستان نەکردوە، هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستمی فیدراڵیی عێراقەو هەرگیز دەستبەرداری مافەکانی نابێت، کە تەنها موچەو بودجە نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییو دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانە".
حکومەتی هەرێم هۆکاری چارەسەرنەبونی کێشەکانی بۆ جێبەجێنەکردنی دەستور لەلایەن بەغداوە گەڕاندەوەو داوای جێبەجێکردنی دەستوری هەمیشەیی کرد بەتەواوی بڕگەکانییەوە، بەتایبەتی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستورو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان کە چەندین ساڵە فەرامۆشکراون، پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی عێراقو پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستور بەجۆرێک کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات.
لەکۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نیشتمانیی خەڵک، لایەنە سیاسییەکانو پێکهاتەکانی کوردستانی کردو داوای لەنوێنەرانی کورد لەبەغدا کرد بەردەوامبن لەداکۆکیکردن لەمافەکانی کوردستان.
هاوکات لەگەڵ پشتیوانیکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین، هۆشداریی توندیدا، هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستورییو بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان ڕەفتار بکاتو خەڵک هانبدات بۆ ئاژاوەنانەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
