تره‌مپ‌و شی جینپینگ لێکگەیشتنی هاوبەشی نێوان واشنتۆن‌و پەکینیان لەکۆشکی سپی ڕاگەیاند

جیهان

40 خولەک پێش ئێستا‌ 2124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەیەکەم سەردانی فەرمیی دەوڵەتیدا بۆ واشنتۆن لەدوای زیاتر لە 10 ساڵ، سەرۆکی چین، لەلوتکەی کۆشکی سپی لەگەڵ هاوتای ئەمریکیی خۆی دۆناڵد ترەمپ کۆبوەوەو هەردولا گەیشتنی خۆیان بەلێکگەیشتنێکی ستراتیژیی نوێ بۆ ڕێکخستنی کێبڕکێ بازرگانی‌و تەکنەلۆژییەکانی نێوان پەکین‌و واشنتۆن ڕاگەیاند؛ ترەمپ جەختیکردەوە، پەیوەندییەکانی هەردوو زلهێزە ئابورییەکەی جیهان سەره‌ڕای جیاوازیی قوڵی سیستەمە سیاسییەکانیان، لەهەمیشە باشترە، لەکاتێکدا شی جینپینگ بەهێنانەوەی یادەوەریی هاوپەیمانێتیی مێژویی 80 ساڵ پێشتری هەردوو وڵات لەجەنگی دوه‌مى جیهانیدا، داوای بەهێزکردنی که‌ناڵەکانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی کرد بۆ ڕێگریكردن لەگۆڕانی کێبڕکێی دۆسیەکانی وەک تایوان‌و ژیریی دەستکرد بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازیی.


دۆناڵد تره‌مپ لەکۆشکی سپی جەختیکردەوە، هەرچەندە ئەمریکاو چین خاوەنی دوو سیستەمی سیاسیی جیاوازن، به‌ڵام پەیوەندییەکانی نێوانیان لەهیچ سەردەمێکدا هێنده‌ى ئێستا باش نەبوە، پاراستنی پێگەو بەردەوامبونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی ئەمریکی‌و چینی لەپێشینەی کارەکانیاندایە.

لای خۆیشییەوە، شی جینپینگ وتى، "گفتوگۆکانم لەگەڵ تره‌مپدا زۆر ڕاشکاوو قوڵ بون‌و گەیشتوینەتە لێکگەیشتنی هاوبەش لەسەر زۆرێک لەفایلە نێودەوڵەتییەکان، ئامانجەکانی هەردوو وڵاتیش دەکرێت تەواوکاری یەکتربن؛ بەجۆرێک کە بەڵێنەکەی تره‌مپ بۆ مەزنکردنەوەی دوبارەی ئەمریکا دەکرێت لەگەڵ ئامانجی چین بۆ نوێکردنەوەی نیشتمانیی مەزن هاوتا بکرێت".

ناوبراو مێژوی 80 ساڵ پێشتری هێنایەوە یاد کاتێک لەجەنگی جیهانیی دوەمدا گەلانی ئەمریکاو چین شانبەشانی یەکتر دژی ژاپۆن جەنگان‌و جەختیکردەوە، ئەم دۆستایەتییە دەکرێت بۆ نەوەکانی داهاتوش بەردەوامبێت‌و داواشیکرد که‌ناڵەکانی پەیوەندیی نێوانیان بەهێزتر بکرێن تا ڕێگریی بکرێت لەگۆڕانی کێبڕکێ بۆ پێکدادان.

ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی شی جینپینگ بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەدوای زیاتر لە 10 ساڵ کە لەکاتێکی یەکجار هەستیاردادێت؛ بەوپێیەی هەردوو زلهێزە ئابورییەکەی جیهان لەسەر چەندین فایلی گرنگی وەک (بازرگانی، گومرگ، ژیریی دەستکرد (AI)و دۆسیەی تایوان) خاوەنی ململانێی توندن، ئەم شێوە فەرمییەی کۆشکی سپیش هەوڵێکە بۆ بەڕێوەبردنی کێبڕکێکان لەچوارچێوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆدا لەنێوان گەورەترین ئابورییەکانی جیهاندا.