دوای 15 ڕۆژ لەبارمتەگرتنیان؛ 10 کۆچبەرەکەی دەڤەری ڕاپەڕین لەده‌ستى مافیاکانی لیبیا ڕزگارکران

کوردستان

39 خولەک پێش ئێستا‌ 2262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەواوی ئەو 10 کۆچبەرە کوردەی کە دانیشتوی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن‌و لەلایەن گروپێکی مافیای چەکدارەوە لەوڵاتی لیبیا ڕفێندرابون، دوای پێدانی بڕە پارەی داواکراو، بەفەرمی ئازادکران‌و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی تەواو سەلامەت.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە شارپرێس لەزاری کەسوکاری گەنجە ڕفێندراوەکانەوە لەدەڤەری ڕاپەڕین وەریگرتوە، پڕۆسەی ڕزگارکردن‌و تێپەڕبونی دۆخی ئەو گەنجانە بەمشێوه‌یه‌ بوە:

کەسوکاری کۆچبەرەکان بۆ شارپرێس پشتیانڕاستکردەوە، کوڕەکانیان ماوەی 55 ڕۆژە بەمەبەستی گەیشتن بەئیتاڵیاو وڵاتانی دیكه‌ى ئەوروپا، هێڵی کۆچیان بەرەو لیبیا گرتوەتەبەر، بەڵام پێش 15 ڕۆژ لەمەوبەرو لەکاتی ئامادەکارییان بۆ پەڕینەوە لەڕێگەی دەریاوە، لەلایەن گروپێکی مافیای ناوخۆیی لیبیاوە دەستگیردەکرێن‌و وەک بارمتە بەمەبەستی وەرگرتنی سەرانە دەهێڵرێنەوە.

کەسوکاری گەنجەکان ئاشکرایانکرد، کە کوڕەکانیان لەو ماوەیەدا لەدۆخێکی مرۆیی‌و دەرونیی یەکجار خراپدا بون، بەشێوازێک کە مافیاکان ڕۆژانە تەنها یەک ژەم خواردنیان پێداون؛ هاوكات لەڕێگەی ناردنی گرتەی ڤیدیۆیی هەڕەشەئامێزەوە بۆ خێزانەکانیان لەهەرێمی کوردستان، گوشاریان دروستکردوە تا پارەکەیان بۆ بنێرن.

هەر به‌گوێره‌ى زانیارییە بەدەستهاتوەکان، شەوی ڕابردوو دوای دانوستاندنێکی قورس، کەسوکاری کۆچبەرەکان بڕی سێ هەزارو 500 دۆلار (35 گەڵا)یان بۆ ئازادکردنی هەر گەنجێک ڕادەستی ئەو گروپە چەکدارە کردوە، لەئێستاشدا سەرجەم گەنجەکان ئازادکراون‌و ڕادەستی قاچاخچیی سەرەکیی گەشتەکەیان کراونەتەوەو لەشوێنێکی سەلامەتدان؛ لەلایەن قاچاخچییەکەشەوە سەرپشککراون لەنێوان گەڕانەوەی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان، یان دوبارە بەردەوامبونی گەشتەکەیان بەدەریای ناوەڕاستدا بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.

بەپەلە