مەترسی لەسەر بنكەیەكی ئاسمانی ئەمریكا لەبەریتانیا دروستبوو

جیهان

49 خولەک پێش ئێستا‌ 244 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەمڕۆ یەكشەممە پۆلیسی بەریتانیا دەستگیركردنی پێنج كەس و گواستنەوەی ٨٥ ماڵی ڕاگەیاند دوای بوونی مەترسی لەسەر بنكەی ئاسمانی فەیرفۆردی بەریتانیا كە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریكاوە بەكاردەهێندرێت.

پۆلیسی بەریتانیا لە ناوچەكە، ڕایگەیاند، پێنج كەس بەتۆمەتی پێشێلكاری لەچوارچێوەی یاسای تەقەمەنی دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پۆلیس گەمارۆیەكی ٤٠٠ مەتری لە دەوری سێ ئۆتۆمبێلی گومانلێكراو دروستكردووە، یەكەی پوچەڵكردنەوەی تەقەمەنی پشكنینیان كردووە، ئەو ڕێوشوێنە وەك ڕێكارێكی خۆپارێزی گیراوەتەبەر.

پۆلیس دۆخەكەی بە "ڕووداوێكی گەورە" ناساند و دانیشتووانەكەی گواستەوە بۆ ناوەندێكی كاتبەسەربردن لە نزیك شوێنەكەوە. ئاماژەیان بەوەشكردووە، پێیانوایە دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، هاوكات لێكۆڵینەوە و ڕێوشوێنە ئەمنییەكان بەردەوامن.