کوردەکان کلیلی توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێران

توێژینەوە و شیکاریی

42 خولەک پێش ئێستا‌ 89 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ن/ مایکل ڕوبین

لە 13ی تەممووزی 2026، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دونالد ترەمپ، ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی دواترەوە گەمارۆیەکی دەریایی دژی ئێران دەست پێ دەکات. بەرپرسانی ئێران بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستەکانیان و داوای کۆتاییهێنان بە گەمارۆکەیان کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکانیان نکۆڵی لێ دەکرد. دواتر فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەیان کەشتی ڕێگای خۆیان گۆڕیوە و هەندێکیان پشکنراون یان لەکارخراون.

بۆمبارانی ئەمریکا بۆسەر بەندرەکانی ئێران لە کەناری کەنداوی فارس و دەریای عەرەب، توانای ئێران بۆ نوێکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی لە ڕێگەی دەریاوە زیاتر لاواز دەکات؛ بەڵام ڕووسیا و ئێران دەریای خەزەر وەک دەروازەیەکی پشتەوە بەکاردێنن.

لە کاتێکدا کە کۆشکی سپی و پێنتاگۆن ئێستا ستراتیژییەکی درێژخایەنتر دەگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە کۆماری ئیسلامی لە بەدەستهێنانی ئەو سەرچاوە و سامانەی کە بۆ پارەدان بە سیستەمە سەرکوتکگەرییەکەی پێویستی پێیەتی، لەوانەیە لە تێگەیشتنیان بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم گەمارۆیە دژ بە ئێران هەڵە بکەن.

ئێران زیاتر لە 50 دەروازەی سنووری فەرمی هەیە. هەندێکیان بۆ هاتووچۆی گەشتیارییە و هەندێکی دیکە تەنها بۆ گواستنەوەی کاڵان بەکاردێن. بەپێی زانیارییەکان، لە دوای دەستپێکردنی ئابڵوقە دەریاییەکە، چالاکی لەم دەروازانە زۆرتر بووە. قاچاخچییەکان چەندین دەروازەی نافەرمی بەکاردێنن، بەڵام توانای ئەو دەروازانە بۆ گواستنەوەی بارى قورس و چەک سنووردارە.

جوگرافیای ئێران ــ کە زۆربەی دانیشتووان و ناوچە سەربازییەکان لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوا کۆبوونەتەوە ــ سوودی پێنج دەروازەی سنووری لەگەڵ ئەفغانستان و شەش دەروازەی سنووری لەگەڵ پاکستان سنووردار دەکات. ئەفغانستان لە ڕووی جۆگرافیاییەوە زۆر ئاڵۆزە بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگایەکی بەردەوام بۆ دابینکردنى پێداویستییەکان. چین دەتوانێت پەیوەندییەکانی خۆی بە کۆریدۆری ئابووری چین ـ پاکستان بەکاربهێنێت بۆ ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ بەندەری گوادر، بەڵام ئاڵۆزی و توندوتیژیی بلووچەکان لە هەردوو وڵاتی پاکستان و ئێران، لەگەڵ سنوورداربوونی کۆریدۆرەکانی ڕێگاوبان لە ناوخۆی ئێران، پاکستان دەکاتە ڕێگایەکی پشت پێنە‌بەستراو بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمەکە.

عێراق ١١ دەروازەی سنووری فەرمی هەیە کە لەنێوان کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکراون. ئەمانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانى ئێران گرنگییەکی کەمترى هەیە بە بەراورد بەعێراق.

لە دەروازەکانى هەرێمەوە نەوتی ئێرانی قاچاخ بە نرخی کەمتر وەردەگیرێت بۆ ئەوەی لە ناوخۆی عێراقدا بفرۆشرێت و بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکرێت. هەروەها ئێرانییەکان کاڵا و بەرهەمى کشتوکاڵی هەرزان دەخەنە بازارەکانى هەرێمەوە، و سەردانکەرانى ئایینی، دەروازە سنوورییەکانی لە باشوور عێراق بەکاردێنن.

دەروازەیەکی سنووری ئەسەندەرە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا

بۆ خۆدزینەوە لە گەمارۆکان و دابینکردنی کەرەستەی سەربازی، دەروازە سنوورییەکانی باکووری ئێران ــ تورکیا، ئازەربایجان، تورکمانستان و ئەرمەنستان ــ گرنگترن. لەنێوان تورکیا و ئێران چوار دەروازەی سنووری فەرمی هەیە، کە هەردوو ڕێگاوبان و شەمەندەفەر لەخۆدەگرن. هەرچەندە تورکیا ئەندامی ناتۆیە، بەڵام سەرۆک‌کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆدزینەوە لە گەمارۆکان و بازرگانی لەگەڵ هەردوو وڵاتى ڕووسیا و ئێران قازانج بکات، و ئەمەش دەروازە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و ئێران دەخاتە خانەی ئەو شوێنانەی کە دەتوانرێت کاریگەری لەسەریان دابنرێت.

لە نێوان ئازەربایجان و تورکمانستان دە دەروازەی سنووری هەیە. ئاستارا ئەو دەروازەیەیە کە ئێرانییەکان و بازرگانە بچووکەکانی ئازەربایجان تێیدا چالاکن و کاڵا لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەوەی لە وڵاتی بەرامبەردا بیفرۆشن. بەڵام نوێکردنەوەیەکانی ئەم دواییەى ئێران، ئەم دەروازەیەى زۆر گونجاوتر کردووە بۆ بازرگانی لە ڕێگەی وشکانییەوە.

هەمان شت بۆ بیلەسەوار، لە نزیک ئەردەبیل، و دەروازەی جولفاش ڕاستە، کە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە و لە سنووری ئێران لەگەڵ نەخجەوانی ئازەربایجانە. تورکمانستانیش لە کاتی خۆیدا دەروازەی لوتفەباد ــ ئارتیقی دووبارە کردووەتەوە، کە ئەویش ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار دەکات. شەمەندەفەرەکان دەتوانن لە سەرەخس تێپەڕبن. دەروازەی ئینچە بەرون ــ گودری ئۆلوم بە تایبەتی گرنگە، چونکە لەسەر کۆریدۆری ڕێگاوبان و شەمەندەفەری ڕێگای ئاسیایی ٧٠ هەڵکەوتووە؛ ئەم کۆریدۆرە نزیکەی ٣٠٠٠ میل درێژە و لە شاری دونێتسکی ئۆکراینی، کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە، دەگاتە بەندەری بەندەر عەباس.

دەروازەی ئەرمەنستان ـ ئێران، کە شەش میل لە مەغری لە ئەرمەنستان دوورە، زۆربەی کات گەشتیار هاتووچۆی لێوەدەکات. لای ئەرمەنستان شاخاوییە و ڕێگاکانی بۆ هاتووچۆی بەردەوامی تڕێلەکان گونجاو نین. لە کاتێکدا ترەمپ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، ڕێگای ترەمپ بۆ ئاشتی و گەشەی نێودەوڵەتی پەرەپێدەدەن بۆ بەستنەوەی تورکیا و نەخجەوان بە ئازەربایجانی سەرەکی، لە ڕێگەی پارێزگای سیونیکی باشووری ئەرمەنستان، ئەوان پشتگوێی ئەو ڕاستییە دەخەن کە ئازەربایجان خۆی کۆریدۆری ئارازی لە نەخجەوانەوە بۆ ئازەربایجانی سەرەکی، لە ڕێگەی باکووری ئێرانەوە، بەڕێوە دەبات.

لەگەڵ ئەو پەیوەندییە زۆرەی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین، لە ڕێگەی ئازەربایجان، تورکمانستان و بە شێوەیەکی ئەگەری تورکیا، پرسیاری ستراتیژیی سیاسەتی ئەمریکا دەبێتە ئەوەی: چۆن دەتوانرێت کۆریدۆری وشکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی سنووردار بکرێت؟

لە کاتێکدا ترەمپ بۆ ماوەیەکی کورت باسى لە کوردەکانی ئێران کرد لە چوارچێوەی پلانێکی هەڵوەشاوە کە تێیدا بەکارهێنانی پێشمەرگە کوردەکانی ئێران بۆ دروستکردنی شۆڕشێکی چەکدارانە و ڕۆیشتن بەرەو تاران پێشبینی کرابوو، کوردەکانی ئێران ئێستا دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر گەورەتر بگێڕن. شۆڕشی کوردی هێشتا مانای خۆی لەدەست نەداوە، بە تایبەتی ئەگەر کوردەکان چەتری خۆیان بۆ چەکدارانی ئێرانی لە ڕێکخراو و بزوتنەوەکانی دیکەش فراوانتر بکەن. ئامانج نابێت ئەو جۆرە تیرۆرە بێت کە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران ئەنجامی دەدات؛ بەڵکو دەبێت شۆڕشێکی ڕێکخراو و بەدیسیپلین‌ بێت کە هێزی زەمینی و لەوانەش درۆن بەکاربهێنێت، ئەگەر نەکرا ڕێگرى لە گواستنەوەى ئەو کەرەستانە بکات کە لە سنوورەکانی تورکیا، ئازەربایجان و تورکمانستانەوە دەگوازرێنەوە.

کوردەکان بە تایبەتی ئامادەیی باشیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، ئەگەر پشتگیری سیاسی و دیپلۆماسییان لێ بکرێت؛ نەک تەنها لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، بەڵکو لە باکووری ڕۆژهەڵاتیش. لە سەدەی ١٦ و سەرەتای سەدەی ١٧دا، شا عەباسی یەکەم کوردەکانی بۆ خۆراسان گواستەوە. نەوەکانی ئەوان لە ئەمڕۆدا لە شوێنێکی باشدان بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەى ئەو کەرەستانەی کە لە تورکمانستانەوە دێن.

ترەمپ بەردەوام بەڵێن دەدات کە سەرکەوتنى بەدەست هێناوە، بەڵام ئەمریکا ناتوانێت دژی ئێران سەرکەوتوو بێت ئەگەر کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بن لە بەکەم‌ زانینی هاوبەشەکانیان لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی وەک کوردەکانی ئێران. هاوبەشی لەگەڵ کوردەکان پەیوەندی بە جوداخوازیی نەتەوەییەکان لە ناو ئێرانەوە نییە؛ بەڵکو ئەوان هێزن ــ و لەوانەیە تەنها هێز بن ــ کە بتوانن ڕێگری لەوە بکەن ڕووسیا بە هەمان ئەو خێراییەی کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی چەکەکان بەکار دەهێنێت، چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئێران بگوازێتەوە.

بەڵام کوردەکان گەمژە نین. کوردەکانی سوریا ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکشکاندنى داعشدا هەبوو، بەڵام واشنگتن هەرگیز بەڵێنەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ نەکرد کە پێشتر بە کوردی دابوو. ئەمڕۆ کوردەکانی ئێران دەڵێن دەتوانن یارمەتی ئەمریکا بدەن بۆ سەرکەوتن، بەڵام ئەوان تەنها بەڵێنەکان قبوڵ ناکەن. لەبری ئەوە، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دارایی ئەمریکا دەبێت ناوی ئەو گرووپە کوردانە لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان دەربکەن و ڕێگە بدەن ئەو هێزانە بە ئاشکرا لە واشنگتن، دی.سی.، چالاک بن، و هاوکاری بکەن بۆ ڕزگارکردنی ئابووری جیهان و هێنانی ئازادی بۆ هەموو ئێرانییەکان.