فڕۆكەخانەی نەجەف دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی ئێران ڕەتدەكاتەوە

عیراق

42 خولەک پێش ئێستا‌ 86 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 ئەمڕۆ دووشەممە، حسێن ئەلموهەننا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف ڕایگەیاند، لە ئێستادا هیچ ڕێنماییەك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا ئیدارەی فڕۆكەخانە هیچ ڕێنماییەكی فەرمی لە حكومەتی عێراق لە بەغدا سەبارەت بە ڕێگەدان بە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفەوە بۆ نەهاتووە.

جەختیشی لەوە كردەوە كە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بەندە بە دەركردنی ڕێنمایی فەرمی لەم بارەیەوە.

لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پێشهاتەكانی پشت پەردە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران ئاشكرایكرد "عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ڕاسپاردووە كە ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا تاوتوێ بكات بۆ ئەوەی قەدەغەكردنی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران فڕۆكەخانەكانی عێراق نەگرێتەوە".

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "وەزیری دەرەوە باسی ئەو بابەتەی كردووە، پێشكەوتنیش هەیە لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمریكا بۆ لێخۆشبوونی فڕۆكەخانەی نەجەف، لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زەمینی بۆ گەشتەكانی ئێران".

  دەزگاكانی ڕاگەیاندنی عێراق و ئێران و هەژمارەكانی سۆشیال میدیا هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف ڕێگای پێدراوە گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران دەستپێبكاتەوە.