کوردانی عەفرین لەزێدی خۆیاندا ئازاری ئاوارەیی دەچێژن

ڕاپۆرت

44 خولەک پێش ئێستا‌ 109 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کەنداڵ جودی ـ شارپرێس:

لەماوەی چەند مانگی رابردودا هەزاران خێزانی کوردی رەسەنی عەفرین گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەشێکی زۆریان خانوەکانیان لەلایەن خێزانە عەرەبە هاوردەکانەوە داگیراوەو ئامادە نین ئەو خانوانە بۆ کوردە رەسەنەکان چۆڵ بکەن، چالاکوانانی شارەکەش کەمپینی " ماڵی من ، مافی منە"یان دەستپێکردوە.



زیاتر لە ٨٠ هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە عەفرین

ئیبراهیم شێخو، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ شارپڕێسدا ڕایگەیاند، تا ئێستا 10 هەزار خێزانی کورد، واتە زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتی کوردی عەفرین گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام %25ی ئەو ئاوارانەی ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

 "تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار ئاوارەی عەفرین لە کەمپەکانی شارەکە نیشتەجێن و جارێکی دیکە ئازاری ئاوارەیی دەچێژن"، ئیبراهیم شێخو وادەڵێت.

بۆچی رێگری لە گەڕانەوەی خێزانەکانی عەفرین دەکرێت؟

لە وەڵامی پرسیاری شارپڕێسدا، کە ئایا بۆچی خەڵکی عەفرین ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان، شێخو وتی، بەشێک لە خێزانە عەرەبەکان کە لە ساڵی 2018 دوای داگیرکردنی عەفرین چونە ناو شارەکە و تاکو ئێستا لە ماڵەکانی کوردە رەسەنەکانی عەفرین نیشتەجێن و ئامادە نین خانوەکان چۆڵ بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتونەتە دەست شارپرێس، بەڵێن بە خێزانە عەرەبەکان دراوە کە ماڵەکانی کوردانی عەفرینیان پێبدرێت، لەبەرامبەردا خێزانە کوردەکان سکاڵا و داوای یاساییان تۆمارکردوە، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بوە.

کەمپینی "ماڵی من، مافی منە"
سەبارەت بە کەمپینی «ماڵی من، مافی منە» کە لەلایەن چالاکان و ڕۆژنامەنوسانەوە دەستیپێکردوە، ئیبراهیم شێخۆ ڕونیکردەوە کە ئامانجی ئەم کەمپینە ئەوەیە هەموو ئەو کەسانەی بێگانەن و عەرەبن لە ماڵە کوردەکان دەربکرێن و خێزانە کوردە رەسەنەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکەکانی خۆیان، لەکاتێکدا هەتا ئێستا حکومەتی دیمەشق لەئاستی دۆخی عەفرین بێدەنگە و ئەم پرسەی پشتگوێ خستوە.

زەوی خێزانە کوردەکانی عەفرین و بانگەشەی "موڵکی دەوڵەت"
بەپێی وتەیبەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، بابەتی بەدەستهێنانەوەی ماڵی خێزانە کوردەکام تاکە کێشە نییە کە ڕوبەڕوی خەڵکی خەڵکی عەفرین بوەتەوە، بەڵکو کێشەیەکی دیکەش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی کاتیی سوریا دەستی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە زەوی کوردانی عەفریندا گرتووە، بە بیانوی ئەوەی کە ئەم زەوییانە موڵکی دەوڵەتن.

ئەم بابەتە بوەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لەناو ئەو خێزانانەی کە زەوی و موڵکیان لە عەفرین هەیە.

مەترسی لەسەر ماڵ و موڵکی کوردەکان
سەبارەت بەم بابەتەش، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاند، بابەتی ماڵ و موڵک لە هەموو شوێنێکی سوریا بوەتە کێشە بە بیانوی جۆراوجۆر.

ئەوەشیخستەڕوو، کورد کە پێشتر لە سەردەمی بەعسدا ڕوبەڕوی زوڵم و زۆرداری بونەتەوە، تا ئێستاش مەترسی فرۆشتن و دەستبەرداگرتنی ماڵ و موڵکی کوردانی عەفرین بەردەوامە.

ئیبراهیم شێخۆ دەشڵیت، دوای دەرچونی خێزانە کوردەکان لەعەفرین و ئاوارەبونیان بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، بەشێوەی نایاسایی کڕین و فرۆشتن بە ماڵ و موڵکی خێزانە کوردییەکانەوە کراوە، بۆیە زۆربەی خێزانە کوردەکان کاتێک دەچن بۆ ئەوەی ماڵەکانی خۆیان وەربگرنەوە، ئەو کەسانەی لە ماڵەکانیاندا دەژین ئامادە نین خانوەکان چۆڵ بکەن دەڵێن کە ئەو ماڵانەیان کڕیوە.