شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی
لەپەیامێکدا بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان داوا لە خێزانەکان دەکات منداڵەکانیان
بنێرنە ئەو قوتابخانانەی زمانی کوردی تێیاندا بنەمایە، بۆ ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن
لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا بە سەرکەوتویی تێپەڕێت .
مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری
سەرۆکایەتی سوریا لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" گەلی هێژامان،
زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە؛ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی هەمیشە ئامانجێکی سەرەکیی
تێکۆشانی ئێمە بووە تاوەکوو ئەمڕۆ، فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سرووشتیی
هەموو گەلان و گەلی کوردیشە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" لەم 14 ساڵەی ڕابردودا، لە شۆڕشی ڕۆژئاوا هەوڵێکی گەورە
بۆ فێرکردن و خوێندن بە زمانی کوردی درا، لە کاتێکدا ئێمە لە دۆخی جەنگدا بوین، سیستمێکی
خوێندن دامەزرا، هەرچەندە کەموکوڕی و لاوازیی خۆی هەبوو، بەڵام شتێکی نوێ بوو و هەنگاوێکی
مێژوویی بوو لە مێژووی ڕۆژئاوادا ".
مەزڵوم عەبدی دەشڵێت،" دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ساڵێک
و ٨ مانگە هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە بەشێکی فەرمی لەسیستمی
پەروەردە لە سوریا، لە ئەنجامدا وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی لەبارەی زمانی کوردییەوە
دا، بەڵام گەل و خوێندکارەکانمان چونکە ئەو بڕیارەیان بە گونجاو نەزانى، ناڕەزایەتییان
دەربڕی، هەڵوێستی خۆیان نیشان دا و تێکۆشانیان کرد؛ ئەوان ئەمە بە مافی خوێندکاران
دەزانن و ئێمەش پشتیوانیان دەبین ".
عەبدی لەپەیامەکەیدا باسی لەوەشکرد،" لەبەر ئەوەی
ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردوە و ئێمە لە قۆناغێکی گۆڕانکاریداین، پێویستە بە سەرکەوتویی
درێژە بە سیستمی خوێندن بدەین، بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە قوتابخانە کوردییەکاندا
خوێندویانە توشی زەحمەتی نەبن، ڕێوشوێن و ئامادەکاری کراون؛ منداڵەکان توشی زەحمەتی
نابن و لەلایەکەوە فێری زمانی عەرەبی دەبن و لە لایەکی تریشەوە خوێندنەکەیان بە
زمانی کوردی بەردەوام دەبێت ".
بەپێی راگەیەنراوەکە،" ئەمساڵ خوێندنی پۆلی 9 و بەکالۆریا بەپێی سیستمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری
بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوە، داوای من لە هەموو خوێندکاران ئەوەیە کە خوێندنی خۆیان
لەم دوو پۆلەدا، بەپێی سیستمی خوێندنی کوردیی پێشوو درێژە پێ بدەن بۆ ئەوەی
داهاتووی خۆیان زیاتر گەرەنتی بکەن، هێشتا گفتوگۆ و دانوستان بۆ فەرمیکردنی زانکۆی
ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانێ بەڕێوە دەچن و بڕیاری کۆتایی هێشتا دەرنەچووە، بەڵام ئێمە
هیوادارین لەم بابەتیشدا بڕیارێکی گونجاو لە بەرژەوەندیی خوێندکارەکانی هەردوو
زانکۆکەماندا دەربچێت ".
عەبدی راشیگەیاند،" داواکاریی ئێمە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی
هەردوو زانکۆ ئەوەیە کە خوێندکارانی زانکۆکانمان کە تاقیکردنەوەکانیان بە زمانی
کوردی ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە هەردوو زانکۆکەدا بگرن، بەڵگەنامەکانیان
بەپێی ئەو سیستمە پێشکەش بکەن کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەریکردوە ".
