هۆشداریی لەبۆشاییەکی مه‌ترسیدار ده‌درێت؛ کشانەوەی هاوپەیمانان سنورەکانی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورە

کوردستان

39 خولەک پێش ئێستا‌ 2319 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا بەغدا لەژێر دروشمی "سوپا قەڵغانی نیشتمانە" ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێکردنی هێزە دەرەکییەکان نیشاندەدات؛ مەسعود بارزانی زەنگی مەترسی لێدەدات‌و هۆشداریدەدات کە کشانەوەی هاوپەیمانان لەمکاتە هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ بۆشاییە کوشندەکەی پێش ساڵی 2014و سێبەری تیرۆرو تێکچونی ئاسایش دەخاتەوەسەر سنورەکانی عێراق‌و کوردستان.


وەزارەتی بەرگریی عێراق لەنوێترین پەیامی فەرمیی خۆیدا لەپلاتفۆڕمە فەرمییەکانیدا نوسیویه‌تى، (من اقصى شمال العراق… الى اقصى جنوبه‌ … الجیش العراقی درع للوطن وحامی سیادته ووحدته ـ واته‌ لەوپەڕی باکوری عێراقەوە... تا ئه‌وپەڕی باشوری... سوپای عێراق قەڵغانی نیشتمان‌و پارێزەری سەربەخۆیی‌و یەکڕیزییەتی)، ئەم په‌یامه‌ حه‌ماسی‌و نیشتمانییە لەکاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە لایەنە فەرمانڕەواکانی بەغدا فشارەکانیان توندتر کردوەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام لەپشت ئەم دروشمە گەورانەوە، واقیعێکی مێژویی‌و ئەمنی هەیە کە چاودێران بە "مەترسیدار" وەسفیدەکەن‌و هۆشداریی لەدوبارەبونەوەی سیناریۆیەکی کارەساتبار دەدەن.

وەزارەتی بەرگریی ئه‌م وێنه‌یه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ چیاكانى كوردستان نیشانده‌دات‌و نوسیویه‌تى:
من اقصى شمال العراق… الى اقصى جنوبه‌ … الجیش العراقی درع للوطن وحامی سیادته ووحدته


مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە.. دەنگی بەرزی پێش 2014و کارەساتی داعش
ئەم گوتارە ڕەسمییەی ئێستای بەغداو ئەو دەنگە بەرزانەی لەپەرلەمان‌و ناوەندە سیاسییەکانی عێراق دەبیسترێن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، تەواو هاوشێوەی ئەو دۆخە سیاسییەن کە پێش ساڵی 2014 لەعێراقدا باڵادەست بوو، لەو سەردەمەشدا، بەغدا جەختی لەسەر توانای ڕەهای سوپاو هێزە ئەمنییەکان دەکردەوە بۆ پاراستنی وڵات‌و پێویستنەبونی هێزی دەرەکی، بەڵام ئەنجامەکەی چاوەڕواننەکراو بوو؛ کاتێک داعش هێرشیکردەسەر عێراق، لەماوەیەکی پێوانەیی کەمدا شاری موسڵ‌و نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق داڕوخاو کەوتە دەست تیرۆریستان.

لەوکاتەدا، ئەو دەنگە بەرزانەی باسیان لە"قەڵغانی نیشتمان" دەکرد بێدەنگبون‌و حکومەتی عێراقیش کەوتە هاوار هاوارو بەپەلە داوای لەئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەهانایەوە بچن‌و لەڕێگەی هاوکاری ئاسمانی‌و لۆجستییەوە عێراق لەداڕوخانی تەواوەتی ڕزگاربکەن.

کشانەوەی هاوپەیمانان؛ کێ سودمەند دەبێت؟
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى ئاژانسى ڕۆیته‌رز، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق لەمکاتەدا، دەبێتە هۆی دروستبونی بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی، شارەزایانی سەربازیش ئاماژە بەچەند پرسێكى سەرەکی دەکەن، یه‌كێك له‌وانه‌، کەمیی توانای بەرگریی ئاسمانی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی‌و چاودێریی عێراق هێشتا بەتەواوی پشت بەتەکنەلۆژیاو پاڵپشتی هاوپەیمانان دەبەستێت، هه‌روه‌ها هێشتنەوەی شانە نوستوەکانی داعش، هێشتا جموجۆڵی چەکدارانی داعش لەناوچە شاخاوییەکان‌و بیابانەکاندا بەردەوامەو کشانەوەی هاوپەیمانان دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەیان.

هه‌روه‌ها باس له‌سەپاندنی هەژمونی هەرێمایەتی ده‌كه‌ن به‌سه‌ر عێراق بۆ ئه‌وه‌ش شاره‌زایانى سه‌ربازیى ده‌ڵێن، "پاشەکشەی ئەمریکا ڕێگە بۆ هێزە ناوچەییەکان خۆشدەکات کە دەستێوەردانی زیاتر لەبڕیاری سیاسیی‌و ئەمنیی عێراقدا بکەن".

مەترسییەکانی سەر سنوری هەرێمی کوردستان
ئێستاش کە پڕۆسەی کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هۆشدارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان جدیترن، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان‌و چاودێران جەختدەکەنەوە، هێشتا هه‌مان ئه‌و مه‌ترسییه‌ گەورەیە له‌سه‌ر عێراق بەگشتیی‌و سنوره‌كانی كوردستان (بەتایبەت ناوچە دابڕاوەکان لەکەرکوک، دیالەو نەینەوا) هه‌یه‌.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنوێترین لێدوانی تەلەفزیۆنیدا هۆشدارییەکی توند دەدات‌و ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق لەمکاتە هەستیارو ناڕونەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەترسییەکی گەورەیەو ڕێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیی‌و گەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش خۆشدەکات.

بارزانى بەتیشکخستنەسەر ئەزمونی تاڵی ساڵی 2011 کە دوای کشانەوەی هێزە دەرەکییەکان بۆشاییەکی کوشندەی ئەمنی دروستبوو و بوە هۆی داگیرکردنی بەشێکی بەرفراوانی خاکی عێراق لەساڵی 2014دا، جەختدەکاتەوە، دوبارەبونەوەی ئەو سیناریۆیەو جێهێشتنی ناوچەکە بەبێ سیستمی بەرگریی پێویست، نەک هەر تێکدانی سەقامگیریی عێراقە، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەوخۆشە بۆسەر قەوارەو سنورەکانی هەرێمی کوردستان.

بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقدا، هەمیشە وەک خاڵێکی لاواز سەیرکراوە کە تیرۆریستان سودی لێدەبینن، کشانەوەی پاڵپشتیی لۆجستی‌و هەواڵگریی ئەمریکا، سنورەکانی کوردستان دەخاتە بەردەم هێرشی درۆنی‌و موشەکیی بەردەوام‌و هاوسەنگیی ئەمنی لەناوچەکەدا تێکدەدات.

دەرئەنجام
دروشمەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق گوزارشت لەخواستێکی نیشتمانی دەکات، بەڵام واقیعی سەر زەوی دەڵێت، کە سوپای عێراق بەبێ هاوکاریی نێودەوڵەتی، ڕوبەڕوی ئاڵۆزیی گەورە دەبێتەوە، مێژوی ساڵی 2014 باشترین بەڵگەیە کە نابێت دروشمە سیاسییەکان ببنە هۆی فەرامۆشکردنی مەترسییە ڕاستەقینەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی.