دوای ئەیلولی 2026؛ کورد چی لە بۆشایی ئەمنی ئەمریکا دەکات؟

کوردستان

45 خولەک پێش ئێستا‌ 76 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شیکاریی شارپرێس - سیروان عوبەید

لە کاتێکدا واشنتۆن پرۆسەی کۆتاییهێنانی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکی دوولایەنە پێناسە دەکات، ئاماژە مەیدانییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەمریکا جارێکی تر عێراق دەخاتەوە سەر سینییەکی زێڕین بۆ هێزە ناوچەیییەکان. لەم ناوەندەدا، ئینکاریی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئاست پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، و یەکخستنەوەی ڕاستەقینەی هێزەکانی پێشمەرگە و درێژەدان بە ململانێ حزبییەکان، کورد بەرامبەر سەپاندنی دەسەڵاتی بەغدا و هەڕەشەکانی میلیشیاکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان بێ بەرگری و بێ چەتر دەهێڵێتەوە.


کشانەوەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تا کۆتایی ئەیلولی ٢٠٢٦ تەواو دەبێت، خاڵێکی وەرچەرخانی جدی و مەترسیدارە لە پێگە و داهاتووی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.
ئەگەرچی واشنتۆن، هەوڵ دەدات ئەم هەنگاوە تەنها وەک گۆڕینی شێوازی هاوکاری یان ڕێکخستنەوەی ئەمنی و دەستپێکی پەیوەندییەکی ئەمنی دولایەنە نیشان بدات، بەڵام راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەم بڕیارە درێژکراوەی هەمان ڕوانگەی پراگماتی و مامەڵەکارانەی ترەمپیزمـە. من هەمیشە دەڵێم، ئەگەر بمانەوێ لەبڕیار و سیاسەت و هەنگاوەکانی ئەمەریکای ئەمڕۆ تێبگەین، سەرەتا دەبێ چاوێک بە بیرۆکەی ترەمپیزم، بخشێنینەوە.. لەوچوارچێوەیەدا ئەمەریکای ترەمپیزم بەردەوام سەلماندوویەتی کە هاوپەیمانێکی جێی متمانە نییە، بەوپێیەی ئەو ئیدارەیەی کەسێتییەکی وەک ترەمپ بەڕێوەی دەبات تەنها لە زاوییەی تێچوو و دەستکەوتی خێراوە سەیری گۆڕانکاری و هاوپەیمانییە جیوپۆلیتیکییەکان دەکات، بڕیاری کشانەوەی ئەمەرکا و جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەو باردۆخەدا بەشێکی لەوچوارچێوەدایە. زیاتر بڵێم، کۆتاییهێنانی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەت لەو باردۆخە هەستیارەی عێراق و ناوچەکە بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت، ئەمریکا جارێکی تر لەپراکتیکدا عێراق دەخاتە سەر سینییەکی زێڕین و ڕادەستی هەژموونی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمی تاران و هێزە ناوچەییەکان دەکاتەوە. بێگومان ئەم بڕیارە، هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی دڵسۆز و سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەبێ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پێویست و بەبێ تەرحکردنی هیچ بژارەیەکی جێگرەوەی ڕاستەقینە لە بەرامبەر هەڕەشەی درۆنی و مووشەکی ناوچەکەدا جێدەهێڵێت.
لە بەرامبەر ئەم مەترسییە دەرەکییانەدا، کارەساتی لەوەگەورەتر لە ناوخۆدا ئەوەیە، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پارتی و یەکێتی، لەبری ئەوەی بەئاگا بێنەوە و ئامادەکاری بۆ ئەم بۆشاییە ئەمنییە بڕیارلێدراوە بکەن. جێی شەرمەزارییە کە هێشتا نوقمی ململانێی بچووک و بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسین. لە شیکارییەکی پێشترمدا باسم لەو هۆکارانە کرد کە هەرێمیان لاوازکردووە؛ وەک تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤دا بەبێ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، و پاشگوێخستنی هەوڵ و هۆشدارییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی هاوپەیمانان لەبارەی یەکخستنەوەی ڕاستەقینەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، کە جگەلەوەی بۆ هەمووانی دەریخست پرۆسەی دیموکراسی لەو هەرێمەدا کراوەتە ئامرازێکی ڕووکەش، و دابەشکردنی دەستکەوتە حزبییەکان لەسەرووی چارەنووسی گەلەکەمانەوە دانراوە.
بووەتە هۆی لاوازی پەیوەندییەکانی هەرێم و بێهیوایی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە یەکێتی و پارتی. با ڕاشکاوبین، سیناریۆی دروستکراو و ڕووکەشی ئەم دواییانەش لەمەر یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، نەیتوانی هاوپەیمانان ڕازی بکات و دادی ئەو دۆخە نادات؛ چونکە هاوپەیمانانیش بەباشی تێگەیشتوون کە لە بنەڕەتدا ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە لەلایەن دوو حیزبەکەوە بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی لە ئارادا نییە. هەر لەو ڕۆژانەدا، لە میدیای سەربە پارتییەوە گوێمان لێبوو کە تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق و ناوچەکە، بە ڕوونی وتی: «ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ میلیشیادا ناکات». پێویستە دەسەڵاتداران لەمانای ئەو قسانەی باراک کردی تێبگەن. لەکاتێکدا، ئەم لێدوانەی باراک ڕاستەوخۆ دەربارەی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و دوای ئەو سیناریۆیەی یەکخستنەوەیان بوو. ڕوونتر بڵێم، قسەکانی تۆم باراک ئەوە دەردەخات کە بۆ واشنتۆن، هێزێک کە هێشتا گوێڕایەڵی بڕیاری حزبی و خێزانی بێت، لەڕووانگەی ئەمەریکاوە وەک میلیشیا سەیر دەکرێت نەک سوپایەکی نیشتمانی.
بۆیە باشترە لێرە بەدواوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوی جدی و ڕاستەقینەی بەرپرسیارانە بنێن لە ڕێکخستنەوەی ماڵی سیاسی و سەربازی ناوخۆ، و پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی حوکمڕانی و بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی سەربەخۆدا.
لەم قۆناغە هەستیارەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن، نەبوونی فەرماندەیییەکی یەکگرتووی ڕاستەقینە بۆ هێزی پێشمەرگە، دابەشبوونی زۆنی سەربازی و کارگێڕی، و بەکارهێنانی دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ شەڕی دەسەڵاتداری لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا، شەرمەزاریی و کارەساتە. گوێنەگرتن لە هۆشدارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بێباکی ئەو دوو حیزبە دەردەخات لەمەڕ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان، ئەمە ئەنجامێکی مەترسیداری بۆ کورد دەبێت و هەرکارەستێکیش ڕووبدات بەرپرسیارانی سەرەکی دوو بنەماڵە و دوو پارتی دەسەڵاتدار دەبن لەبەردەم مێژوو و خەڵکی کوردستاندا. ڕاستە کشانەوەی هاوپەیمانان ڕێکەوتن و هۆکاری تری هەیە، بەڵام بەشێکی بێباکی و هۆکاری ناکۆکییە ناوخۆییە بەردەوامەکەی نێوان ئەو دوو پارتەیە، بووەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی دانوستانکاری هەرێم لە بەرامبەر بەغدا، ئێران و تورکیادا، و کەمبوونەوەی گرینگی و پشتوانی هاوپەیمانان، ئەوەش تادێت هەرێم بەرەو داهاتوویەکی نادیاری پڕ لەمەترسی دەبات.

کورت و کرمانج ئەگەر بەوردی سەرەنج بدەینە ڕووداوەکە و ئەگەری لێکەوتەکانی بخوێنینەوە، ئەوا، دەکرێت ئاڕاستەی ڕووداوەکان و مەترسییەکانی قۆناغی دوای کشانەوەی سەربازی ئەمەریکا لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:
١. گۆڕانی ستراتیژیی ئەمریکا و جێهێشتنی هاوپەیمانان
دۆناڵد ترەمپ بەردەوام لە لێدوانەکانیدا بوونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بارێکی گران و زیانبەخش بۆ ئەمەریکا باسکردوە. کەواتە؛ لە ڕوانگەی ترەمپیزمەوە، کاتێک داعش خاکی کۆنتڕۆڵکراوی نەماوە و هێرشەکانی بە ڕێژەی ٨٠٪ کەمیان کردووە، مانەوەی هێزەکان هیچ پاساودانێک هەڵناگرێت. بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان کێشەکە لەوەدایە کە بوونی ئەمریکا لەهەرێم، تەنها هێزێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو تا ئەمڕۆ چەترێکی بەرگریی ئاسمانی و هێزێکی ڕێگریش بووە لە بەرامبەر تەماحکارییەکانی تاران و بەغدا، تورکیا. بێگومان بە کشانەوەی ئەم چترەش، بێ هیچ ئەلتەرناتیڤێک و لەوباردۆخەدا واشنتۆن، ئەو هاوسەنگییە سیاسی و ئەمنییە تێکدەدات کە لەم چەند ساڵەدا هەرێمی کوردستانی لە دەستدرێژییەکان دەپاراست.
٢. فراوانبوونی هەژموونی ئێران و بەکارهێنانی جەنگی پرۆکسی، ئەوەی پێی دەڵێن" بەوەکالەت
نەمانی ئەمەریکا لەهەرێم نەک بەواتای هێرشی زەمینی ڕاستەوخۆی ئێران نایەت. لەڕاستیدا، ئێران هیچ پێویستی بەوە نییە بە سوپاوە بێتە ناو خاکی هەرێم. بەڵکو لێرە بەدواوە تاران ڕاستەوخۆ سود لەم بۆشاییە وەردەگرێت و زیاتر لەجاران فشار دەخاتە سەر هەرێم لەڕێگەی نەوت و گاز، هێرشی بەردەوامی درۆنی و مووشەکی، و بەکارهێنانی میلیشیاکانی وەک کتائب حیزبوڵڵا و حرکة النجباء و ئەوانی تر. هێرشەکەی دوێنێ ٢٨ی ئەیلول بۆ سەر کەمپی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، پەیام و ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کە دوای کشانەوەی ئەمریکا، بەرەی ئێرانی لەمەودوا بێ دوودڵی فشاری سەربازی و ئەمنی لەسەر هەرێم زیاتر دەکات.

٣. فشاری یاسایی و ئابووریی بەغدا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێمدا..

دەرچوونی هێزی ئەمریکا لەهەرێم، هەم دەرفەت دەداتە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەداهاتوودا دەستکراوەتربن لەهەوڵدان بۆ لێدان و بێهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی هەرێم، و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی. هەم بە ناڕاستەوخۆ هانی گرووپەکان دەدات دژی هەرێم. فشاری بەغدا لەنزیکدا پێناچێت سەربازی بێت، بەڵکو زیاتر لەچوارچێوەی بەکارهێنانی کارتی بودجە، مووچە، گومرک، ناوچە جێناکۆکەکان و دۆسیەی نەوت دەبێت بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و هێنانەخوارەوەی ئاستی بڕیاری سیاسی هەرێم.
لەم ناوەندەدا، ئەگەری ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی شیعی هەیە، لە نێوان گرووپە میلیشیاییەکان و حکومەتی ناوەندیدا بە ئامانجی دوورخستنەوەی شەڕی شیعە و شیعە، ئەوەش بە چەکدانانێکی ڕووکەشانەی میلیشیاکان دەبێت، ئەگەر ئەمەش ڕووبدات چەکدانانی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان، نەک مەترسییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو تەنها جۆری مەترسییەکە دەگۆڕێت. لە دۆخێکی وەهادا، ئەوەی ڕوو دەدات تەنها گواستنەوەی فکرمەند و هەژموونی قووڵتری میلیشیاکانە بۆ ناو جومگە فەرمییەکانی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکانی بەغدا. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمەیە: ئایا چەکدانان یان چەکدنەنانی میلیشیاکان چی سودێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت؟
بە بۆچوونی من، راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە لە هەردوو سناریۆکەدا هەرێمی کوردستان قازانج ناکات..
بەوپێیەی ئەگەر چەک دانەنێن: وەک هێزێکی نا-دەوڵەتی بێسەروبەر و لە دەرەوەی یاسا، بەردەوام دەبن لە هێرشی درۆنی، مووشەکی، و دروستکردنی مەترسی ئەمنی لەسەر هەرێم و پەیوەندیی ئاڵۆز لە ناوچە جێناکۆکەکان.
ئەگەر چەکیش دابنێن: تەنها هەژموونیان لە جلی سەربازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ بەرگی یاسایی و بڕیاری سیاسی دەوڵەت، کە بەکار دەهێنرێت بۆ برسیکردن، بڕینی شایستە داراییەکان و بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم و تا دەگاتە هێرشی سەربازی سنووردار بەئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و سنوورەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم.
کەواتە نەمانی هێزی ڕێگری ئەمریکی، دەستی بەغدا و هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی کراوەتر دەکات تا لە ڕێگەی دەسەڵاتی فەرمی دەوڵەتەوە هەمان ئەو ئەجێندایانە بەسەر هەرێمدا بسەپێنن کە پێشتر لە ڕێگەی درۆن و موشەک و سەربازییەوە هەوڵیان بۆ داوە.

٤. قۆستنەوەی بۆشاییەکە لەلایەن تورکیا و باقی هێزەکانەوە
سەرەڕای پرۆسەی بەناو ئاشتی، ئەوەی تورکیا پێی دەڵێت: تورکیای بێ تیرۆر" و خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و ڕێککەوتنەکانی ئەنقەرە و بەغدا دەربارەی شنگال و بعشیقە، تورکیا هێشتا وەک ئەکتەرێکی سەربازیی باڵادەست دەستکەوتەکانی لە سنوورەکانی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکاندا بەهێزتر دەکات. تا ئێستاش سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەو ماوەیەدا تورکیا سەنگەرەکانی زیاتر و تۆکمەتر کردوون لەناو خاکی هەرێمدا، بەبێ ئەوەی هیچ حیساب بۆ ئیرادەی سیاسی هەرێم بکات. بەکشانەوەی ئەمەریکاش تورکیا دەستکراوەتر دەکات تا زیاتر دەستوەردان لەناوەخۆی هەرێم بکات و هەژموون و جێ نفووزی خۆی لە کەرکوک مسۆگەرتر بکات.

٥.خاڵی هەرە مەترسیدار ئەوەیە کە کورد خۆی هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی خۆیەتی. لەبری ئەوەی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا بێتە هەوێنێک بۆ یەکخستنی ڕاستەقینەی هێزەکانی پێشمەرگە، دروستکردنی بەرگرییەکی ناوخۆیی یەکگرتوو و ڕێکخستنەوەی سەرچاوەی دارایی و سیاسی، پارتی و یەکێتی دۆخەکەیان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکانی خۆیان. لەئێستادا نەبوونی دیدگایەکی نیشتمانی هاوبەش لە بەرامبەر بەغدا و وڵاتانی دراوسێدا، هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانجێکی ئاسان بۆ ڕاماڵین و لاوازکردنی.

دەرمانی قەیرانەکە
بەڕوونی و ڕاشکاوانەتر دەڵێم؛ داهاتووی هەرێمی کوردستان دوای ئەیلولی ٢٠٢٦، بە پلەی یەکەم لەسەر ڕێژەی بێهۆشی یان بەئاگاهاتنەوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد دەستنیشان دەکرێت. بەرگەگرتنی ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە تێپەڕاندنی خێرا هەیە لە «پشتبەستن بە هاوپەیمانی دەرەکی» بەرەو «بەهێزکردنی بنەما ناوخۆییەکان». ئەگەر لێرە بەدوا پارتی و یەکێتی دەستبەرداری بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانیان نەبن و بەرەی ناوخۆ یەکنەخەن، بۆشایی ئەمریکا نابێتە تەنها گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسی، بەڵکو دەبێتە قەیرانێکی مەترسیدار کە هەڕەشە لە بوون و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکات.