ترەمپ بۆ ئۆتاوا: کەنەدا یەکێکە لەخراپترین وڵاتانی جیهان‌و ڕوبەڕوی سزای قورس دەبێتەوە

جیهان

56 خولەک پێش ئێستا‌ 2107 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان واشنتۆن‌و ئۆتاوا گەیشتونەتە قۆناغێکی تەواو مەترسیدار؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەلێدوانێکی زۆر تونددا کەنەدای وەک یەکێک لە"خراپترین وڵاتانی جیهان" وەسفکرد، ئەم لێدوانە توندە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی بێپێشینەی ئاستی ناکۆکییە بازرگانی‌و ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی هاوسێ.


سەرۆکی ئەمریکا لەناو کۆشکی سپییەوە کەنەدای تۆمەتبارکرد بەوەی کە مامەڵەیەکی زۆر نادادپەروەرانەی لەگەڵ ئابوریی ئەمریکادا کردوەو ڕایگەیاند، "مامەڵەکردن لەگەڵ کەنەدا بەڕاستی سەختە؛ ئەوان باجێکی قورسی 400٪ یان زیاتریان بەسەر جوتیارانی ئەمریکادا سەپاندوەو بەشێوەیەکی ناڕەوا سود لەئێمە وەردەگرن".

وەک وەڵامێکی کرداریی، لەم هەفتەیەدا بڕیارە توندەکەی ترەمپ بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نزیکەی یه‌ك ملیار دۆلار لەکاڵاو بەرهەمەکانی کەنەدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەتایبەت بەرهەمەکانی (شیرەمەنی، ئۆتۆمبێل)‌و چەندینجۆر خواردنەوە دەگرێتەوە، ترەمپ جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە تۆڵەسەندنەوەیە لەو جیاکارییەی کەنەدا دژی بەرهەمە ئەمریکییەکان دەیکات.

گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەخولی دوەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا تەنها لەسنوری بازرگانیدا نەماوەتەوە، بەڵکو بڵاوبونەوەی دەنگۆی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ لکاندنی خاکی کەنەدا بەئەمریکاوە، بارودۆخەکەی گەیاندوەتە خاڵی تەقینەوە.

لەبەرامبەردا، بەرپرسانی ئۆتاوا ڕایانگەیاندوە، سەردەمی پشتپێبەستنی تەواوەتی بەئەمریکا وەک تاقە شەریکی ئابوریی کۆتاییهاتوەو ئەوان خەریکی دۆزینەوەی بازاڕی نوێی جیهانین.