شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ڕەنگدانەوەی بەهێزبوونی توانای هێزە ئاسایشییەكانی عێراقە، لە نێوانیاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا بەڕادیۆی دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، "ئەمریكا هەنگاوی كشانەوەی هێزەكانی هەتا بەرواری 30ـی نۆ بەئەنجام دەگەیەنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو كاتەدایە كە پێشتر ڕاگەیەندرابوو و لەلایەن هەردوولاوە دیاریكرابوو بۆ كۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش".
دەشڵێت "ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی توانای هێزە ئاسایشییەكانی عێراقە، لەنێوانیاندا هێزی پێشمەرگەی كورد، و ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق و ئەمریكا لاپەڕەیەكی گرنگیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانماندا هەڵداوەتەوە."
ئاماژەی بەوەشكرد "ئەمریكا پابەندە بە هاوبەشییەكی بەهێز و سودی هاوبەشی ئابوری و ئاسایشی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا."