شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ویلایەتەیەکگرتوەکانو هاوبەشەکانی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەفەرمی کۆتاییان بەپرۆسەی "پۆڵایین" (العزم الصلب) لەعێراق هێنا.
پێنتاگۆن لەڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردوە، کشانەوەی ڕێکخراوی هێزو کەرەستە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لەبنکەی ئاسمانیی هەولێر، نیشانەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانانە لەعێراقدا.
وتوشیهتى، ئەمریکاو هاوبەشەکانی بەردەوامدەبن لەپێشکەشکردنی ڕاهێنانی دیاریکراوو پاڵپشتی هەواڵگریی بۆ هاوبەشە عێراقییەکانیان، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرکردایەتی هەوڵە بەردەوامەکان بگرنە دەست بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتو ڕاوەدوڕانی پاشماوەکانی داعش.
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە کە حکومەتی زەیدیی دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکی خستوەتە ناو ڕێڕەوو پلانێکی کاتیی جیاواز لەکشانەوەی هاوپەیمانان، چونکە لە 21ی ئەم مانگەدا (ئەیلول) سەرۆک وەزیران پلانێکی ڕاگەیاند کە بەقۆناغێکی هێورکردنەوەی 90 ڕۆژی دەستپێدەکاتو تێیدا گروپه چەکدارەکان لەهێرشو كردهوهى چهكداریى خۆیان دەپارێزن، لەبەرامبەر وەرگرتنی بەڵێنی دڵنیایی بەوەی کە ڕوبەڕوی هێرشی ئەمریکی نەبنەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش دوای ئەوە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک دەستپێدەکاتو تا 30ی حوزەیرانی 2027 تەواو دەبێت.
هاوكات لەگەڵ ئەمەدا، لایەنە سیاسییەکان خەریکی وتوێژن لەگەڵ گروپه چەکدارەکاندا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی پلانەکە، لەو ڕوهشهوه نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە23ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو، بەرنامەو خشتەی کاتیی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە30ی ئەیلولدا ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە لە ڕێگەی گفتوگۆو بهگوێرهى یاساو دەستور.
