شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراقو هەرێمی کوردستان لە30ی ئەیلولی 2026دا، مەسعود بارزانی پەیامێکی گرنگو دڵنیاکەرەوەی ئاڕاستەی ڕای گشتیی کرد، سەرۆکی پارتی دهڵێت، "هێزی پێشمەرگە بەهەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سوپای عێراق، ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی هەر جۆرە پێشهاتو مەترسییەکی ئەمنییە لەقۆناغی داهاتودا".
مەسعود بارزانی سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان لەپەیامەکەیدا پێزانینی قوڵی بۆ ماندوبونو قوربانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لەشەڕی دژ بەتیرۆرو گەڕاندنەوەی سەقامگیریدا نیشانداو ڕایگەیاند، لەمەودوا لەسەر حکومەتی عێراقو هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە کە بهگوێرهى پێویستییەکانی قۆناغەکە، ڕێککەوتنی دولایەنە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا واژۆبکەن.
سەبارەت بەو نیگەرانی و لێکدانەوانەی کە پێیانوایە بەکشانەوەی هاوپەیمانان هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، بارزانی دڵنیاییدایە هاوڵاتیان کە هەماهەنگییەکی زۆرباش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک، جا لەژێر ناوی داعشدا بێت یان هەر ناوێکی دیكه.
بارزانی هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی نەیارانی هەرێم کردو ڕایگەیاند، "هەر کەسێکو لایەنێک خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشەو زیان بەسەقامگیریی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، با بزانێت لەکوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگەو قارەمانو گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگریی لەخەڵکو خاکی کوردستان بکەنو هەموو هەڕەشەو دەستدرێژییەک تێکبشکێنن، جەختدهكهینهوه هێزی پێشمەرگە هەمیشە وەک پارێزەری سەرەکیی خەڵکو سەروەریی نیشتمان دەمێنێتەوە".
