شارپرێس:
تۆم باراک نێردراوی ئەمریکا بۆ عێراق
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە پێشوازیی لەتەواوبونی كارهكانى هاوپهیمانانو کشانەوەی
هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کردو ڕایگهیاند، دەرفەت بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران ڕەخساوە
بۆ یەکخستنی تەواوی هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرماندەیی یەک دەوڵەتدا.
باراک لەتێبینییەکدا لەسەر سەکۆی
"ئێکس" نوسیویهتى، "دوای 23 ساڵ لەنیشتنەوەی یەکەمین كاروانى هێزەکانی
ئەمریکا لەعێراقدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پرۆسەی گەڕاندنەوەی هێزەکانمانی بۆ
نیشتمان تەواوکرد؛ نەک وەک پاشەکشەیەک، بەڵکو بەیەکخستنی تەواوی لایەنەکانی هاوکێشە
ستراتیژییەکە: بەغدا، هەولێر، هاوپەیمانە ناوچەیییەکانمانو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا،
لەچوارچێوەی یەک دیمەنی ستراتیژیداو لەچرکەساتێکی زۆر هەستیاردا".
وتوشیهتى، "ئەو ئەمریکیو عێراقییانەی
کە لەماوەی ساڵانی ڕابردودا کاریانکردوەو قوربانییانداوە، ئەم هەنگاوەیان کردە ڕاستی؛
عێراقیش کە ئەمڕۆ لەسەر پێی خۆی وەستاوە، ڕێز لەماندوبونیان دەگرێت، بەم یەکخستنەش،
دەرگایەک کرایەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژ داخرابوو، ئەویش ئەو دەرفەتەیە بۆ سەرۆک وەزیران
زەیدییو گەلی عێراق ڕەخساوە بۆ کۆکردنەوەی تەواوی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەژێر فەرماندەیی
یەک دەوڵەتدا، لەگەڵ تەماشاکردنی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێک نەک تەنها وەک پارێزەرێکی
سەربازیی".
لەکۆتاییدا پێیوابوه، "ئەمە لێهاتوییەکی
سیاسیى ئاڵۆزە کە پێویستە بۆ جوڵاندنی بەشێکی زۆر گرنگ لەکێشەیەکی گەورەی ناوچەیی
کە هێشتا بەدوای چارەسەری خۆیدا دەگەڕێت".
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
كشانهوهى دوایین هێزەکانی ئەمریکای لەعێراق ڕاگەیاندو پێیوابوو، کاتی ئەوەهاتوە
ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان، هاوکات ستایشی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانى
کردو وەک کەسێکی "ناوازە"و پاڵپشتیکەر لەسەرەتاوە وەسفیکرد.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی فالح زەیدیی سەرۆک
وەزیرانی عێراقو هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراقدا ڕاگەیاندو سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی
هێزە ئەمنییەکان لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆردا.
لای خۆیشییەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا
(پێنتاگۆن)، دوێنێ چوارشەممە کۆتاییهاتنی فەرمیی پرۆسەی (پۆڵایین ـ العزم الصلب)ی
لە لایەن ویلایەتەیەکگرتوەکانو هاوبەشەکانی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراقدا ڕاگەیاند،
هاوكات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش-یش لەعێراقیش جەختیکردەوە، لەسایەی کشانەوەی
هێزەکانیان لەوڵاتدا، چیتر هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی کۆمەڵەو گروپه چەکدارەکان لەئارادانییەو
دهبێت ئهو پرسه لهعێراقدا بهزویى كۆتایی بێت.
ئەم پێشهاتەش لەکاتێکدایە کە حکومەتهكهى
زەیدیی دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکی خستوەتە ناو پلانو ڕێڕەوێکی کاتیی جیاواز لەکشانەوەی
هاوپەیمانان، چونکە لە 21ی ئەم مانگەدا (ئەیلول) زەیدیی پلانێکی ڕاگەیاند کە بەقۆناغێکی
هێورکردنەوەی 90 ڕۆژی دەستپێدەکاتو تێیدا گروپه چەکدارەکان لەهێرشەکان خۆیان دەپارێزن،
لەبەرامبەر وەرگرتنی بەڵێنی دڵنیایی بەوەی کە ڕوبەڕوی هێرشی ئەمریکی نەبنەوە، لەسەر
ئەو بنەمایەش دوای ئەوە، پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک دەستپێدەکاتو تا 30ی حوزەیرانی
2027 تەواو دەبێت.
ههر لەگەڵ ئەمەدا، لایەنە سیاسییهكان
خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ گروپه چەکدارەکاندا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی پلانەکە، لەو
نێوهندهشدا نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە23ى ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو،
بەرنامەو خشتەی کاتیی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە 30ی ئەیلولدا ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە
لەسەر چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە لەڕێگەی گفتوگۆو بهگوێرهى یاساو دەستورى ههمیشهیى
عێراق.
