شارپرێس:
كەمێك پێش ئێستا فڕۆكەیەكی هێڵی فلای دوبەی بە سەلامەتی لە فڕۆكەخانەی بن گوریون لە تەلئەبیب نیشتەوە و گەشتیارە ئیسرائیلییەكانی بەسەلامەتی گەیاندەوە وڵاتەكەیان لە فڕۆكەخانەی تەبوك لەسعودییەوە دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ڕووداوێكەوە فڕۆكەیەكی دیكەی هێڵەكە نیشتنەوەی ناچاری لەو فڕۆكەخانەی سعودییە ئەنجامدا.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەنێو فڕۆكەخانەی بنگۆریۆن پێشوازی كرد لە گەشتیارەكان بەتایبەت ئەوانەی لەفڕۆكەكەدا ڕۆڵیان هەبووە لەهاوكاری تیمی فڕۆكەكە و كۆنترۆڵكردنی ڕەوشەكەدا.
ئەمڕۆ كۆمپانیای فلای دوبەی ڕایگەیاند، شەڕ و ئاژاوە لەناو كابینەی فڕۆكەوانی گەشتی FZ 1073 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دوبەیەوە بۆ فڕۆكەخانەی بن گوریۆن ڕوویداوە، بەڵام ڕەوشەكە لەلایەن تیمی فڕۆكەكەوە كۆنتڕۆڵكراوە و بەسەلامەتی لەفڕۆكەخانەی تەبوك لە سعودییە نیشتوەتەوە و تیمەكە و سەرنشینەكان سەلامەتن.
فلای دوبەی ڕاشیگەیاندووە، فڕۆكەیەكی جێگرەوەیان ناردووە بۆ سعودییە بۆ گواستنەوەی گەشتیارەكان بۆ ئیسرائیل و تەواوكردنی گەشتەكە.
تا ئێستا ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكان ئاشكرانەكراوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەكانی میدیای ئیسرائیل یاریدەدەری فڕۆكەوان كە عومانییە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەكە و خستنەخوارەوەی داوە و چەقۆشی لەكاپتنی فڕۆكەكە داوە و برینداری كردووە.
سەرچاوەكان ئەم ڕووداوە وەك هێرشێكی تیرۆرستی بە دوور نازانن كە زیاتر لە 150 ئیسرائیلی لەنێو فڕۆكەكەدا بوون.
