شارپرێس:
عەبدوڵا ئۆجەلان لەپەیامێکدا ڕایگەیاند، پێویستە یەبەشە وەکوو هێزی پاراستنی
کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن عێراقەوە دانی پێدابنرێت و لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی میدیای سەر بە پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجالان،
رابەری زیندانیکراوی پەکەکە لەپەیامێکدا کە لەلایەن ڕۆژنامەنوس ئیبراهیم ئێزدییەوە
خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەکرد،" سەرەڕای دەستدرێژییەکانی داعش، ژنانی ئێزدی
خاوەن هەڵوێستێکی بەهێزن، دەبێت بزانن کولتوری ئێزدی بە تەنها ئازادی
بەدەستناهێنێت، من وتومە و بەتایبەت هۆشداریم بە دەوڵەتانیش داوە، بە شێوەیەکی
گشتیی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێزدییەکان، بە چەکداریی ئێزدییەکان دەپارێزین
".
ئەوەشیخستەڕوو،" دەبێت یەبەشە لە شنگال بمێنێتەوە، ئەگەر ئەمە ڕونەدات، نە بارزانی و نە عەرەب مافی
ژیانیان پێ نادەن. ئەگەر یەبەشە لەناو سوپای عێراقدا شوێنی خۆی بگرێت، دەبێت لە
شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە ".
ئۆجالان باسی لەوەشکرد، بڕیاری لەناوبردنیان دراوە. بۆیە
بەدڵنیاییەوە دەبێت ئێزدییەکان خاوەنی هێزی پاراستنی جەوهەریی خۆیان بن. گەلی
ئێزدی ئێستا لە قۆناغی جینۆسایددا تێدەپەڕێت و ئەم گەلە لەلایەن یاساییەوە
ناپارێزرێت.