فوئاد حوسێن لەئه‌مریكاوه‌ پلانێكى حكومه‌ته‌كه‌ى زه‌یدیى ئاشكراده‌كات

عیراق

52 خولەک پێش ئێستا‌ 4160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەلوتکەی گۆڕانکارییەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق، تاران‌و واشنتۆن دەبنە ناوەندی جوڵە خێراکان؛ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق لەئەنجومەنی ئەتڵەسیی ئەمریکاوە هه‌ستیارترین مەلەفی ناوخۆیی وڵاتەکەی هەڵدەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت، لەچەند ڕۆژی داهاتودا، پلانە فەرمییەکەی حکومەت بۆ داماڵینی چەکی گروپه‌ چەکدارەکان لەگەڵ خشتەی کاتیی جێبەجێکردنی دەخرێتەڕوو.


فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق شه‌وى ڕابردوو ئاشكرایكرد، حکومەته‌كه‌ى زه‌یدیى ڕەشنوسی پڕۆژە پلانێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا ئامادەکردوەو لەچەند ڕۆژی داهاتودا دەخرێتەڕوو، کات‌و خشتەی دیاریکراویش بۆ جێبەجێکردنی لەخۆدەگرێت.

ئەم قسانە لەمیانی دانیشتنێکی گفتوگۆدا هات کە لەلایەن "ئەنجومەنی ئەتڵەسی" لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا سازکرابوو، کە ناونیشانی "عێراق لەدوای 30ی ئەیلول"ی هەڵگرتبوو، وەزیری دەرەوە جەختیکردەوە، سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندوە، واده‌ى کۆتایی بۆ تەواوکردنی ئەم پلانە، حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دەبێت.

به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دانیشتنەکە باسی لەنوێترین پێشهاتە سیاسیى‌و ئەمنییەکانی عێراق‌و ناوچەکە، ئاسۆکانی په‌یوەندییەکانی عێراق‌و ئەمریکا، پاشەڕۆژی هاوکاریی ئەمنی‌و هەوڵەکانی شەڕی دژ بەداعش کردوە، هاوکات تیشکخراوه‌ته‌سه‌ر هەڵوێستی عێراق بەرامبەر کێبڕکێ ناوچەیییەکان‌و لێکەوتەکانی ئەو سزایانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون لەسەر ئابوریی‌و په‌یوەندییە بازرگانییەکانی عێراق.

هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی گروپه‌ چەکدارەکان، پاراستنی ئاسایشی سنورەکان‌و گۆڕانکارییەکانی سوریاو کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تاووتوێکراون.

گفتوگۆکە باسی لەدەرفەتەکانی بەهێزکردنی په‌یوەندییە ئابورییەکانی نێوان عێراق‌و ئەمریکاش کردوه‌، لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لەعێراقدا، بەو ئامانجەی پشکی بەشداریی هەبێت لەفراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی ئابوریی‌و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات.

لەم مانگانەی ڕابردودا باسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لەعێراقدا گەرمبوو، تا گەیشتە ئەو شوێنەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، حکومەتەکەی بەردەوامە لەجێبەجێکردنی پلانێک بۆ داماڵینی چەکی هێزە چەکدارەکان بەچەند قۆناغێک، بەجۆرێک کە تەواوی پرۆسەکە تا 30ی حوزەیرانی 2027 کۆتایی بێت.

لە21ى ئەم مانگەدا (ئەیلول)، زەیدیی ڕایگەیاندبوو، مۆڵەتی 90 ڕۆژ دەدرێتە هێزە چەکدارەکان تا لەئه‌نجامدانى هەر هێرشێک خۆیان بپارێزن، پێشئەوەی بچنە قۆناغی ڕادەستکردنی چەکەوە، ئەو جەختیکردەوە، پلانەکە قۆناغ بەقۆناغ جێبەجێدەکرێت‌و کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا تەوەرێکی بنەڕەتییە لەئاڕاستەکانی حکومەتەکەیدا.

لایەنە سیاسییه‌كانیش لەکاتی کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەئابی ڕابردودا، پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەکیان لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا دوپاتکردەوە، ئەمەش هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق لەمڕۆدا 30ی ئەیلول واته‌ ئەو واده‌یه‌ى کە هەندێک لەگروپه‌ چەکدارەکان هەڵوێستی خۆیان لەسەر پاشەڕۆژی چەکەکەیان پێوە بەستبوەوە.