شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ چونە بواری جێبەجێکردنی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامێکی فەرمیدا ڕۆژی یهكی تشرینی یەکەمی 2026ی وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسیىو ئەمنی بۆ وڵاتەکەی دەستنیشانکرد، بەفەرمیش بەدەستهێنانەوەی سەروەریی گشتگیری عێراقی (لەوشکانی، ئاسمانو دەریاوە) ڕادەگەیەنێتو پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە مێژوییە لەگەلی عێراق دەکات کە بەوتەی ئەو، بەچاکەی خوداو بەهۆشیاریی فەتوای مەرجەعییەتی باڵای ئایینی لەپاڵ خۆڕاگریی گەلو سەرجەم هێزە چەکدارەکاندا لەدژی داعش هاتەدی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق مەلەفی چەکی دەرەوەی یاسای بەفەرمی گرێدایەوە بەقۆناغی دوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکانو ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ سەرەتایەکی جددیە بۆ کۆتاییهێنان بەپرسی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، ئەمەش بهگوێرهى نەخشەڕێگەیەکی ڕونو خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتو لەسەر لانیکەم تا 30ی حوزەیرانی 2027 بەتەواوی یەکلاییدەکرێتەوە".
زەیدیی بەتوندی هۆشداریدا کە حکومەتەکەی بهگوێرهى پابەندبونە دەستورییەکان کار بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم ئەو گروپە چەکدارە ناعێراقییانە دەکات کە لەسەر خاکی وڵاتەکەن، بەئامانجی پاراستنی ئاسایشو سەقامگیریی گشتییو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی سنورەکان.
سەبارەت بەهاوسەنگیی پهیوەندییە دەرەکییەکانو وڵاتانی دراوسێ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڵێنیدا کە عێراق هەرگیز ڕێگەنادات خاکو ئاسمانی وڵاتەکەی ببێتە خاڵی دەستپێکردن یان ڕێڕەوێک بۆ ئەنجامدانی هەر کارو جوڵەیەک کە هەڕەشە لەئاسایشی نەتەوەییو سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بکات.
زەیدیی ئاشکرایکرد، بۆ بەهێزکردنی سەروەریی ڕەهای ئاسمانیی عێراق، حکومەت دەستدەکات بەپشتیوانیکردنی دامەزراوە فەرمییەکان لەڕێگەی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تەواوەتییەوە.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، حکومەت هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، کار بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبیو جێگیرکردنی پێگەی یاسایی ئەو هێزە دەکات وەک بەشێکی دانەبڕاو لەنێو سیستمی ئەمنیدا کە بەتەواوی لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندابێت.
زەیدیی جەختیکردەوە، عێراق چاوی لەپاشەڕۆژێکی نوێیە بۆ چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیو ئاڕاستەکردنی داهاتو تواناکانی دەوڵەت بەرەو گەشەپێدانی بەردەوامو چاککردنی بژێوییو ژیانی هاوڵاتیان.
