وەزارەتى بەرگریی تورکیا كشانه‌وه‌ى قۆناغ بەقۆناغ له‌سەربازگەى باشیک له‌سنورى موسڵ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ئەمنییە نوێیەکانی نێوان ئەنكەرەو بەغدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەفەرمی ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕاگەیاند بۆ ڕادەستکردنی قۆناغ بەقۆناغی سەربازگەی سەربازیی (باشیک - زێلکان) بەدەسەڵاتی نیشتمانی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت‌و فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات.


پێشێلهاتە دیپلۆماسی‌و ئەمنییەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا دەچنە قۆناغێکی نوێی یەکلاکردنەوەوە؛ به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی هاوبەش کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاو نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، هەردوو وڵات گەیشتونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کشانەوەی پلەبەپەلەی هێزەکانی ئەنكەرە لەسەربازگەی ستراتیژیی (باشیک - زێلکان) کە دەکەوێتە باکوری شاری موسڵ لەپارێزگای نەینەواو ڕادەستکردنی تەواوەتی بەدەسەڵاتی فیدراڵی عێراق، ئەمەش به‌گوێره‌ى میکانیزم‌و خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوو لەسەر.

ئەم بڕیارە مێژوییە دوای کۆبونەوەیەکی گرنگی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق هات لەپەراوێزی کارەکانی 81مین خولی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لەنیویۆرک.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بڕیاری ڕادەستکردنی سەربازگەکە دوای ئەو پێشکەوتنە ئەمنییانە دێت کە عێراق لەناوچەکەدا بەدەستیهێناوە لەپێناو چەسپاندنی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت.

مەلەفی سەربازگەی باشیک یەکێکبوو لەئاڵۆزترین‌و پڕکێشەترین دۆسیە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغداو ئەنكەرە لەدوای ساڵی 2015وە، کاتێک سوپای تورکیا هێزەکانی لەو ناوچەیەدا بڵاوەپێکرد بەمەبەستی ڕاهێنان‌و پاراستنی هێزە ناوخۆییەکان لەشەڕی دژ بەداعش، بەغدا لەوکاتەدا بەتوندی دژی ئەو هەنگاوە وەستایەوەو وەک پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی وەسفیکرد.

به‌گوێره‌ى زانیارییە شیکارییەکان لەزاری فەرماندە سەربازییەکانەوە، ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی کشانەوە بەتەواوی بەستراوەتەوە بەمەلەفی شنگال‌و هەوڵەکانی بەغدا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی فەرمی‌و کۆتاییهێنان بەبونی هەر جۆرە گروپ‌و هێزێکی چەکداری نایاسایی‌و قەدەغەکراوی دەرەکی لەو ناوچە سنورییە هەستیارەدا.

لەکاتێکدا کە نێردراوی تایبەتی ئەمریکاش پێشوازیی لەو لێکتێگەیشتنە کردوەو وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی ئاسایشی تورکیاو سەروەریی عێراق وەسفیکردوە، چاوەڕواندەکرێت ئەم پێشهاتە ببێتە هۆی قوڵکردنەوەی په‌یوەندییە ئابوریی، بازرگانیی‌و وەبەرهێنانەکانی نێوان هەردوو وڵاتی هاوسێ لەپاشەڕۆژدا.

بەپەلە