کاگینز: واشنتۆن نایەوێت عێراق لەئێران دابڕێنێت‌و قۆناغی دوای کشانەوە تاقیکردنەوەیە بۆ هێزە چەکدارەکان

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مایلز کاگینز وتەبێژی پێشوی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، واشنتۆن هەوڵی دابڕاندنی عێراق لەئێران نادات، بەڵکو سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنانە بەهەژمونی ئەو گروپه‌ چەکدارانەی کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان‌و لەلایەن تارانەوە پاڵپشتیدەکرێن، پێییوایە، ئەو قۆناغەی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دێت، تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ توانای بەغدا لەسەر سەپاندنی یاساو پاراستنی هاوبەشەکانی.


ئەم لێدوانانەی کاگینز هاوکاتن لەگەڵ ڕاگەیاندنی پنتاگۆن دوێنێ چوارشەممە 30ی ئەیلولی 2026، سەبارەت بەکۆتاییهاتنی فەرمیی (پرۆسەی پۆڵایین ـ العزم الصلب) لەعێراقدا.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، جێهێشتنی بنکەكه‌یان له‌هەولێر لەلایەن هێزو کەرەستە سەربازییەکانی هاوپەیمانانەوە، نیشانەی کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەیەتی، جەختیشیکردەوە، ویلایەتەیەکگرتوەکان‌و هاوبەشەکانی بەردەوامدەبن لەپێشکەشکردنی ڕاهێنانی دیاریکراوو پاڵپشتی هەواڵگریی بۆ هێزەکانی عێراق کە خۆیان سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات‌و ڕاوەدوڕانی پاشماوەکانی داعش.

لەبەغدا، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هه‌ر دوێنێ لەڕێورەسمێکی فەرمیدا کە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان‌و سەرکردە سەربازییەکانی عێراق ئامادەیبون، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی ڕاگەیاندو جەختیکردەوە، کۆتاییهاتنی ئەم ئەرکە بەواتای کۆتاییهاتنی شەڕی دژ بەتیرۆر نییەو هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بەردەوامدەبێت، هیچ چەکێکیش لەدەرەوەی یاساو هیچ هێزێک لەدەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بونیان نامێنێت."

کاگینز لەدرێژەی قسەکانیدا وتویه‌تى، "بڕیاری جێهێشتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێککەوتنی نێوان بەغداو واشنتۆن دراوه‌، ئەمەش لەسایەی گۆڕانی جۆری ئەو هەڕەشەیەی کە داعش دروستیدەکرد، دوای ئەوەی توانای کۆنترۆڵکردنی ڕوبەری بەرفراوانی لەدەستدا"، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەو گوشارە سیاسییانه‌ش کرد کە لەلایەن لایەنە لایەنگرەکانی ئێرانەوە دەکران بۆ کۆتاییهێنان بەبونی سەربازیی ئەمریکا.

ئەو پێیوایە، "قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی ئەمنی دولایەنەی درێژخایەن دەبێت کە تێیدا یارمەتییەکانی ئەمریکا لەڕێگەی ڕاهێنان، ڕاوێژکاریی‌و بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی سەربازییەوە بەردەوامدەبن، بەبێئەوەی پێویست بەبونی هەمیشەیی یان نیمچە هەمیشەیی هێزەکانی ئەمریکا بکات لەبنکەکانی عێراقدا، بەبنکەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "به‌گوێره‌ى خەمڵاندنی ئێمه‌، ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لەهەشت ملیار دۆلار هاوکاری لەڕێگەی ڕاهێنان‌و کەرەستەی سەربازییەوە پێشکەش بەهێزە ئەمنییەکانی عێراق‌و پێشمەرگە کردوەو پێشبینیدەکه‌م هاوکارییە ڕاستەوخۆکان کەم ببنەوەو پشتبەستن بەبەرنامەکانی دابینکردنی دارایی‌و فرۆشتنی سەربازیی دەرەکی فراوانتربێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هاوکارییەکان دەکرێت پاڵپشتیکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی "F-16" و فڕۆکەکانی گواستنەوەی "C-130J" و دابینکردنی کەرەستە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ بگرێتەوە، ئەم گواستنەوەیە پشت بەو لێکتێگەیشتنانە دەبەستێت کە بەغداو واشنتۆن لەئەیلولی 2024دا ڕایانگەیاندبوو بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان لەدوو قۆناغداو گۆڕانی بەرەو په‌یوەندیی ئەمنی دولایەنە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەساڵی 2014دا بۆ پشتگیریکردنی عێراق لەڕوبەڕوبونەوەی داعشدا دروستبوو، پێشئەوەی کۆنترۆڵی ئەو ڕێکخراوە پاشەکشە بکات‌و کارە لەپێشینەکان بگۆڕێن بۆ ڕاوەدوڕانی شانەکان‌و بەهێزکردنی توانای هێزە ناوخۆییەکان.

سەبارەت بەپه‌یوەندیی لەگەڵ ئێراندا، کاگینز وتویه‌تى، " به‌گوێره‌ى خوێندنەوەی من، واشنتۆن داوا لەبەغدا ناکات سنورەکانی لەگەڵ دراوسێکەیدا (واته‌ ئێران دابخات، چونكه‌ لەقوڵیی په‌یوەندییە ڕۆشنبیریی‌و ئایینییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێدەگات، به‌ڵام پێموایە کە سەرنجی ئەمریکا لەسەر ئەو هەژمونە نەرێنییەی ئێرانە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت‌و پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق‌و هه‌روه‌ها چاوێكیشى لەسەر چالاکیی ئەو گروپه‌ چەکدارانە ده‌بێت کە بەتارانەوە بەستراونەتەوە".

بۆ ئه‌وه‌ش کاگینز ناوی کەتائیبی حزبوڵڵا"ی هێناوه‌و تۆمەتباریکردون بەتێوەگلان لەهێرشکردنەسەر بنکە دیپلۆماسییەکان‌و ئەو بنکانەی کە ئەمریکییەکان‌و کۆمپانیا نەوتییەکانی تێدایە، وتوشیه‌تى، "خستنەژێری ئەم کۆمەڵانە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، تاقیکردنەوەیەکی درێژخایەن دەبێت، چونکە هێزی ئەوان تەنها لەخاوەندارێتی موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا نییە، به‌ڵكو هەندێک لەو گروپانه‌ لەناو سیستمی سیاسیدا ڕەگیان داکوتاوە، بەشداریی لەهەڵبژاردنەکاندا دەکەن‌و کۆمپانیا لەبوارەکانی بیناسازیی‌و کاروباری لۆجستیدا بەڕێوە دەبەن‌و هەوڵدەدەن هەژمونی کۆمەڵایەتی خۆیان لەڕێگەی باڵە سیاسییه‌كانیانه‌وه‌ فراوانتر بکەن".

به‌گوێره‌ى قسەکانی کاگینز، "ئەم بەرژەوەندییە تێکەڵاوانە وادەکەن کە چارەسەرکردنی دۆسیەی چەک زۆر ئاڵۆزتربێت لەکۆکردنەوەی چەکەکان یان داخستنی بنکە سەربازییەکان، هه‌ربۆیه‌ پێموایه‌ کە قۆناغی دوای 30ی ئەیلول دەریدەخات کە تا چەند ئەو گروپه‌ چەکدارانە پابەندی یاساو ڕێنماییەکانی زەیدیی دەبن، دوای ئەوەی هەندێک لەگروپه‌كان پاشەڕۆژی چەکەکانیان بەستبوەوە بەکۆتاییهاتنی بونی سەربازیی ئەمریکاوە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر زەیدیی پلانێکی دیاریکردبوو کە بەقۆناغێکی هێورکردنەوە دەستپێدەکات‌و تێیدا گروپه‌ چەکدارەکان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ لەهێرشەکان خۆیان دەپارێزن، دوای ئەوەش پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک دێت، بەجۆرێک کە تا 30ی حوزەیرانی 2027 تەواوبێت.

بۆ ئه‌وه‌ش کاگینز هۆشداریدا کە بەردەوامبونی هێرشەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو نێودەوڵەتی، یان بۆ سەر هەرێمی کوردستان‌و لایەنە سعودییەکان، هێزە چەکدارەکان ڕوبەڕوی دەرئەنجامی سەخت‌و وەڵامی یەکلاکەرەوە لەلایەن کۆشکی سپی‌و پێنتاگۆنەوە دەکاتەوە.