دژەتیرۆری عێراق لەبارەی شەهیدبونی دوو گەنجە كوردەكەی پردێ ڕونكردنەوە دەدات

کوردستان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 539 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایدەگەیەنێت، لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی دوو تیرۆریستی داعش لەپردێ، دوو هاوڵاتی سڤیل شەهیدبون، دەشڵێت، بەفەرمانی عەلی زەیدیی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە پێکێنراوە، بۆ ئەوەی لایەنی کەمتەرخەم دیاری بکرێت.


لەڕونكردنەوەكەدا هاتووە "هێزێك لە ناوچەیەكی چڕی نیشتەجێبووندا بەدوای دوو تیرۆریستدا ڕۆیشتن. یەكێكیان پشتێنی بۆمبڕێژكراوی لەبەردا بوو، ئەوی دیكەشیان چەكدار بوو. مەبەستیان ئەوە بووە كە هێرشێكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و هاوڵاتیانی ناوچەكە بكەنە ئامانج. لە میانەی ئۆپراسیۆنی ئەو هێزە بۆ ڕێگریكردن لە تیرۆریستان، شەڕ و پێكدادان ڕوویدا و لە ئەنجامدا تیرۆریستێك كوژرا و تیرۆریستەكەی دیكەش دەستگیركرا. هەروەها لە تێكهەڵچوونەكەدا دوو هاوڵاتی شەهید بوون و چوار چەكداری دەزگای دژەتیرۆریش برینداربوون".

دەشڵێت، "ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە، و بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش پێكهێنرا. بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆر هەروەها ڕێنمایی پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕاستییەكان و دیاریكردنی كەمتەرخەمییەكان".

دەزگای دژەتیرۆر بە قووڵی نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بۆ ڕووداوەكەو سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاڕاستەی كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكات، هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێت. 

ئاماژەی بەوەشكردووە، پاراستنی هاووڵاتیان و ژیان و سەلامەتییان ئەركی دەزگاكەیەو هەروەها پابەندە بە یاسا و ڕێسا كارپێكراوەكان و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا، هاوكات دڵنیایی دەدات لە ئاشكراكردنی تەواوی ڕاستییەكان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە ژێر ڕۆشنایی دەرەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكەدا.