مەسرور بارزانی: نابێت به‌غداد شایستە داراییەکانی هەرێم وەک کارتێکی سیاسی و سزادان بەکاربهێنێت

کوردستان

27/04/2020‌ 607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی  نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كرد و رایگه‌یاند، نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی وسزادان لە دژی  هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت کرد . 

لە دیدارەکەدا کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی بەغدا و  جەختی لەوە کردەوە، کە "بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان". 

روونیشیکردەوە، "هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی  کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو ، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکومەتی فیدرالیش بڕی  900  ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان  بنێرێت بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو".

مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، "نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی  هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە". 

لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حکومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور .

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.

بەپەلە