شه‌ش په‌رله‌مانتاری كوردستان بۆ مه‌سرور بارزانی: سه‌ردانی به‌غدا بكه‌

کوردستان

01/05/2020‌ 1465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەش پەرلەمانتاری كوردستان له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داواده‌كه‌ن، سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانی به‌غدا بكات.

ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌ له‌نامه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن "داواكارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لەبەغدادە، سەردانی بەغداد بكەیت و نیەتباشیی حكومەتی هەرێم نیشانبدەن بۆ رادەستكردنی نەوت و  داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەكانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عیراقیی بدرێتێ‌".

ده‌قی نامه‌كه‌:


بەرێز/ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

چەند رۆژێكە شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدادە و تائێستا ئاسۆیەكی رون دیارنییە كە ئەم شاندە بتوانێت قەناعەت بە بەرپرسانی باڵای عیراق بكات بۆ ئەوەی موچەی ئەم مانگەی هەرێم رەوانەبكات، سەرەڕای چارەسەركردنی ریشەیی بۆ كێشەی موچەخۆرانی هەرێم و بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتیان پێنەدراوە هەركاتێ‌ بەغداد داوایەكی نوێی پێشكەشكردن، بتوانن دەمودەست بڕیاری لێبدەن، بۆ نمونە سەرەڕای رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عیراقیی، بەغداد داوای داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان و فرۆكەخانەكانیش دەكات، بۆیە لەو سۆنگەیەوە كە ئێستا هەرێم بەدەست سەختترین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ‌ و نزیكەی 50 رۆژە موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و حكومەت-یش موچەی پێنادرێت و ناڕەزایی گەورەیش بەرێوەیە، داواكارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لەبەغدادە، سەردانی بەغداد بكەیت و نیەتباشیی حكومەتی هەرێم نیشانبدەن بۆ رادەستكردنی نەوت و  داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەكانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عیراقیی بدرێتێ‌.

خەڵكی كوردستان چاوەڕێن حكومەتی هەرێم، حكومەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و بڕیارە یەكلاكەرەوەكان بێت، نەك دەستەوەستانبون لە چارەسەركردن دا.

لەگەڵ رێزدا..

ئیمزاكان:
1- مەم بورهان قانع.
2- سەرچنار ئەحمەد.
3- روپاك ئەحمەد.
4- موسلیم عەبدولڵا قەسرێ‌.
5- گۆران عومەر عەلی.
6- بەدریە ئیسماعیل مەحمود.

1/ 5/ 2020