حكومەتی هەرێم دەیەوێت هەموو كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات

کوردستان

02/05/2020‌ 1247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر سەدانی بەغدا دەكاتەوە، چونكە بەغدا داوای هەندێك زانیاری كردووە و سبەینێش زانیارییەكان دەبەن‌و دەیەوێت هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێت.

ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پارتی دیموكرات بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتی: دوێنێ شاندی حكومەتی هەرێم گەڕانەوە بۆ كوردستان و بڕیارە سبەینێش جارێكی دیكە بچنەوە بەغدا و درێژە بە دانوستانەكان بدەن، چونكە بەغدا داوای هەندێك زانیاری لەبارەی نەوت و داهات لەهەرێم كردووە، بۆیە ئەم جارە دەیانەوێت لەسەر كۆی كێشەكان بگەنە رێككەوتن و تەنیا پرسی موچە نەبێت.

سەفار وتیشی: ئەگەر رێككەوتن بكرێت، پێویستە بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە بڕیار، كە ئەمەش ڕەنگە بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت و ئەمەش پێویستی بە رەزامەندیی هەموو فراكسیۆنەكان هەیە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی باسی لەوەش كرد، حكومەتی هەرێم دەیەوێت كێشەكە بە یەكجاری چارە بكرێت و ساڵانە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ناكرێت ساڵانە ئەو كێشەیە دووبارە ببێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

هـ ـ ح