په‌رله‌مانتارێك باس له‌ ورده‌كاری دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق ده‌كات

عیراق

06/05/2020‌ 939 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ورده‌كاری دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، سەرۆک کۆماری عێراق دڵنیاییدا کە سەرجەم هەوڵەکانی بەئاراستەی ئەوەدایە کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم جیابکرێتەوە لە هەر کێشەیەکیترو رێوشوێنی هەنگاوەکانی داهاتوی بۆ روونکردینەوە. 

رێبوار كه‌ریم ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ نوسینێكدا سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند: ئێواره‌ی چواری ئایار سه‌ردانی مسته‌فا كازمی کاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عیراقمان کردووه‌  و داوایانكردووه‌ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێكه‌ڵ بە ململانێی سیاسی نه‌كرێت.


لەبەغدا خەریکی چین؟

ئێوارەی (٤_٥_۲٠۲٠) بەندە (د. رێبوار کریم، د.یوسف محمد، د.جمال کۆچەر، د.مپنی امین) سەردانی (د.مصگفی الکاڤمی) کاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عیراقمان کرد. تیایدا داوامان کرد:

1. تێکەڵ نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ململانێی سیاسی لەگەڵ هەرێم.
2. شایستە داراییەکانی پێشمەرگەو جوتیاران.
3. پابەند بوون بە دەستورو پێکهێنانی لیژنە بۆ ماددەی ۱٤۰.
4. تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
5. لەئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت یان لەکاتی خۆیدا، پێوستە گەرەنتی راستەقینەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت. هەروەها رێوشوێنی هاندانی خەڵک هەبێ بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن.
.............................
دواتر هەمان وەفد سەردانی بەڕێز (د.بەرهەم صالح) سەرۆککۆماری عیراقمان کرد و جەختمان لەهەمان داواکاری کردەوەو بەڕێزیان دڵنیاییدا کە سەرجەم هەوڵەکانی بەئاراستەی ئەوەدایە کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم جیابکرێتەوە لە هەر کێشەیەکیترو رێوشوێنی هەنگاوەکانی داهاتوی بۆ روونکردینەوە.
............................
ئێوارەی (٥_٥_۲٠۲٠) بەڕێز د.بەرهەم صالح) سەرۆککۆماری عیراق لەماڵی خۆی کۆبونەوەیەکی کرد بە ژمارەیەکی زۆر لەپەرلەمانتارانی کوردو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاتون بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا. كە جەخت کرایەوە لەسەر هەرچی زوە رێکەوتنی هەرێم و بەغداو دابینکردنی موچەی فەرمانبەران وشایستە داراییەکانی هەرێم و کۆتاییهێنان بەو کێشەیەی بەرۆکی خەڵکی گرتوە.
.........................
هەر هەمان ئێوارە پەرلەمانتاران (د.رێبوار کریم، د.یوسف محمد، د.جمال کۆچەر) و سەرۆکی بەشێکیتر لەفراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبونەوەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری هەرێم کرد، تیایدا بەندە ئەمەم بە وەفدەکە وت:

1. لیستی موچەخۆرانی هەرێم پڕە لەبندیوارو خەڵکانی ناموستەحەق لەهەردوو کەرتی مەدەنی و سەربازی، بەهۆی ئەمانەوە مافی فەرمانبەری راستەقینە خوراوە.
2. هەرێم تا ئێستا باوەڕی بە پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردی بەغدا نیەو ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە.

3. داتاکانی هەرێم روون نین و شەفافیەت نیەو پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
4. ئەو پەرلەمانتارانەی کە رەخنە لەحکومەتی هەرێم دەگرن بەهیچ شێوەیەک خائین نین و هەر هێرشێکی میدیایی بۆ سەریان هەڵەیەکیترە.
.................................
رۆژی (٦_٥_۲٠۲٠) لە ماڵی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق (د.بەشیر حداد) کۆبونەوەیەکی نوێ ئەنجامدرا لەنێوان سەرۆکی بەشێک لەفراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عیراق و چەند ئەندامێکی کوردی لیژنەکانی دارایی و نەوت و یاسایی و وەفدی دانوستانکاری هەرێم لەبەغدا. لەم کۆبونەوەیەدا بەندە ئەم خاڵانەم خستەڕوو:

1. دەبێ هەر هەوڵێکی وەفدی دانوستانکار دابەش بکرێ بۆ دوو ئاست، دەستکەوتی خێرا کە موچەی فەرمانبەرانە، دەستکەوتی درێژخایەن کە گەرەنتیکردنی ستراتیجیانەی موچەو مافەکانیتر خەڵکی کوردستانە.

2. داهاتی گومرک و ناوخۆ شەفاف نیە، کەس نازانێ چەندە؟ چۆن خەرج دەکرێ؟
3. بۆچی ئەو پارەیەی بەناوی داهاتی نەوتەوە دراوە بە وەزارەتی دارایی نەگۆڕە؟ لەکاتێکدا نرخی نەوت گۆڕاوەو بەرزو نزمی هەیە.

4. حکومەتی هەرێم توشی بێمتمانەیی بوە لەناوخۆو لەبەغداش. بەهۆی ئەو چەندین بەڵێنەی کە داویەتی و جێبەجێی نەکردوە. ئەمەش کێشەی بۆ ئێمەی نوێنەرانی کورد لەبەغدا دروستکردوە.

5. دەبێ رێوشوێنێکی روونتان هەبێ بۆ پێدانی موچە بە فەرمانبەرانی هەرێم و بەبێ دواکەوتن ئەگینا جوڵەی جەماوەری گەورە رودەدات و ئەوەش لەئەستۆی ئێوەیە.