فوئاد حوسێن و دوو وەزیری تری حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەسەر گەندەڵی دەدرێنە دادگا

کوردستان

12/05/2020‌ 2804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فوتح رایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دۆسییەكانی تایبەت بە سێ وەزیری حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر كەمتەرخەمی و تێوەگلانیان لە گەندەڵییەوە ڕەوانەی دادگا دەكات . 

فەتلاوی لەلێدوانێكدا راشیگەیاند، فوئاد حوسێن وەزیرەكانی دارایی و سامر غەزبان وەزیری نەوت، هەروەها وەزیری پیشەسازی لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیدا لەسەر تێوەگلانیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی بەفیڕۆدان و زیانگەیاندن بە ماڵی گشتی دەدرێنە دادگا.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دۆسییەكانی گەندەڵی ئەو سێ وەزیرە دەدرینە دادگا، بەشیوەیەك فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی پێشوو لەدیارترین ئەو كەسایەتییانەیە، كە لە دۆسییەكانی گەندەڵی تێوەگلاوە.

لەماوەی رابردووشدا ٢٥ پەرلەمانتاری عێراقی بەتۆمەتی خەرجكردنی نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان داوایان لە دادگا كردبوو لێكۆڵینەوە لە فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی بكات . 

ئەو ٢٥ پەڕلەمانتارە لە داواكارییەكدا، كە ئاراستەی دەستەی دەستپاكی گشتیی لە بەغدایان كردبوو ، فوئاد حوسێنیان بەوە تۆمەتبار كردبوو كە پۆستەكەی خۆی بەخراپ بەكارهێناوە و بەئەنقەست پارەی گشتیی بەفیڕۆداوە ، ئەویش لەڕێگای خەرجكردنی زیاتر لە ٦ تڕیلیۆن دینار لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی