جه‌میل بایك: سیاسەتی پارتی دژی مەخمور شەرمەزارییەکی گەورەیە

کوردستان

13/05/2020‌ 393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگه‌یاند، "ئەمڕۆ لە جیهان تەنانەت ئەو دەوڵەتانەش کە دژایەتی و ناکۆکییان هەیە، دژی کۆرۆنا هاوکاریی یەکدەکەن، دانیشتوانی مەخمور کوردن، خزمەتیان بە کورد کردوە، شەهیدیان داوەو بەهایان خوڵقاندوە، چۆن دەبێت پارتی بەردەوامی بەو گەمارۆیە بدات".

جه‌میل بایك، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "ئەمڕۆ لە جیهان تەنانەت ئەو دەوڵەتانەش کە دژایەتی و ناکۆکییان هەیە، دژی کۆرۆنا هاوکاریی یەکدەکەن، دانیشتوانی مەخمور کوردن، خزمەتیان بە کورد کردوە، شەهیدیان داوەو بەهایان خوڵقاندوە، چۆن دەبێت پارتی بەردەوامی بەو گەمارۆیە بدات، لە کاتێکدا مەترسیی ڤایرۆس هەیە، هیچ هۆکارێکی نییە، پارتی ناتوانێت ئەمە بۆ کورد و مرۆڤایەتی ڕونبکاتەوە، ئەمە هیچ خزمەتێک بە پارتی و بە کورد ناکات، سیاسەتی پارتی دژی مەخمور شەرمەزارییەکی گەورەیە".

وتیشی "دەوڵەتی تورکیا دوژمنی کوردە، دەیەوێت کورد لەناوبەرێت، کەمپی مەخمور خزمەتی بە کورد کردوە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بڵاوە بە خەڵکەکەی بکات و لەناوی بەرێت، دەیەوێت بەمشێوەیە تۆڵە لە کەمپەکە بکاتەوە، خەڵکی مەخمور لەڕێی کوردایەتی ماڵ و مۆڵکی خۆیان جێیهێشت، لەناو تێکۆشان جێگایان گرت و شەهیدیان دا، هێشتاش خاوەنداری لە کوردایەتی و بەهاکانی دەکات و سەر نانەوێنێت، دەوڵەتی تورکیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیەوێت بڵاوەی پێبکات، بەڵام بۆ پارتی زەمینەکەی بۆ دەڕەخسێنێت؟ ئەم سیاسەتە خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا دەکات، ئەم گەمارۆیەش خزمەت بە ئەو دەکات".

هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌ له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ڕاشیگه‌یاند، "پێویستە چالاکییەکان دژی ئەم سیاسەتەی پارتی بەردەوام بن تا پارتی هەڵویستی خۆی بگۆڕێت" وتیشی "ئەوانەی دەڵێن پێویستە سیاسەتەکانی پارتی لەسەر وەرتێ و مەخمور کۆتایی پێبێت، پێویستە چالاکییەکانیان زیاترو بەهێزتر بکەن، پێویستە فشار دروستبکەن تا ئەم کێشەیە رۆژێک زوتر کۆتایی پێبێت، بەرژەوەندیی کورد لە یەکێتی نەتەوەییدایە".

ڕ . ج