سەبارەت بە مانگرتنی پزیشک و کارمەندانی هەڵەبجە روونکردنەوە دەدرێت

کوردستان

23/05/2020‌ 635 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجەوە سەبارەت بە مانگرتنی ھەندێک لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی شارەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داواکاری و هەڵوێستی هەندێک لەوان بەپێی داواکانیان بەرژەوەندیخوازیانەیەو لە ئەگەری جێبەجێ کردنیان کەرتی تەندروستی شارەکە ئیفلیج دەکات.

لەخاڵی یەکەمی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، زیاد لە 25 پزیشک بە نوسراو ھەوڵی گواستنەوەیان بۆ پارێزگای سلێمانی داوە، لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ داواكاریەكانیانداین، کە ھەندێک لەوان ماوەی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، بەڵام لەبەر کەمی میلاک و زیاد کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان لە شارەکەو کردنەوەی ھەندێک نەخۆشخانەی نوێ و بەش و پسپۆڕی نوێ لە ھەڵەبجە بە نمونە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، ئەو پزیشکانەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی نەگواستووەتەوە و لە ئەگەری پەسەند کردنی داواکارییەکەیان دەبێتە کێشەیەکی گەورە لە پێشکەش کردنی خزمەت گوزارییە تەندروستیەکان بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

لەیاننامەکەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ئەم پزیشکانە داوای کەم کردنەوەی دەوام  و تەنانەت کەم کردنەوەی ڕۆژەکانی دەوامیان کردووە، بەتایبەت لە نەخۆشخانەی وەک بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی بە دیاری کراوی پزیشکانی ھەناوی کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی وەگەڕخستن و کردنەوەی بۆ کەسوکاری قوربانیانی کیمیای هەڵەبجە دراوە، بۆیە ئەو پێشنیارانەیان ڕەت کراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە دەشڵێت، سەبارەت بە دەست خستنە بڕیارە زانستییەکان کە بەھەدەردانی سامانی نیشتیمانی شکابێتەوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی شارەکە ڕای دەگەیەنین کە ھیچ جۆرە پێشنیازێک یاخود پڕۆژەیەک بۆ زیاد کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی و نە ھیچ نەخۆشخانەیەک لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی نەکراوە، بۆیە لەبەر نەبوونی ھیچ پڕۆژەیەک ھەندێک جار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەوە بڕیاری گرنگ و چارەنوسساز بۆ زیادکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دراوە و بۆ ڕای گشتی ئەوەش ڕادەگەیەنین، پزیشکانی ھەناوی لە ئێستادا تەنھا (٨) ھەشت ڕۆژ جارێک خەفارەتی ھۆڵەکانی فریاکەوتنی  فێرکاری ھەڵەبجە دەگرن و ئەمەش بۆ ئێستا بە بەراورد بە ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی شارەكانی دی دەوامێکی کەمە. هەروەها ئێمە لە بەر نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ نەمانتوانیوە نەخۆشخانەیەک بە تێچووی دوو بۆ سێ ملیار دیناری وەک نەخۆشخانەی بیارە بەڕووی خزمەت  لە دەڤەرەکەدا بکەینەوە.

دەشڵێت، بە ڕەچاوکردنی باری گرانی ئابوری ھاوڵاتیان و ھاوشاریانی خۆشەویست هەندێک لە پزیشکان بەبۆنەی ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە تێچوی بینینی نەخۆشیان کردووە بە بێ بەرامبەر ئەمەش بوەتە ھۆی ئەوەی ھەندێک سێکتەر و کلینیک و کۆمەڵگە پزیشکیەکان وەکو پێشوو سەردانکەرانیان نەبێت و دیسانەوە گلەیی و گازندە بکەن، بۆیە ئێمە وەک  بەڕێوەبەرایەتی سوپاسی ئەو پزیشکانە دەکەین کە کاریان کردوە و مانیان نەگرتوە بە ئەرکی پزیشکی و پیشەیانەی خۆیان ھەستاون بۆ ئەرک نەخستنە  سەر شانی ھاوڵاتیان.

ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌: سەبارەت سزادانی کارمەندان لەسەر کۆمێنت و پۆستی فەیس بووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییە گستیێەکان، ئەم خاڵە جێی ئەوەیە لەسەری بوەستین چونکە ھیچ کات سۆشیاڵ میدیاو و پەڕەکانی فەیس بووک نەبونەتە ھۆکاری سزادانی کارمەند و پزیشکان بگرە ھەندێک لەو کارمەندانە بە نوسراوی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە لە گرفتە ئیداری و زانستیەکان، وەک لە نەبوونی پەراوی دەرمان و گۆڕینی ناونیشانیان  کە ھەندێکیان داوایان کردووە بەنمونە یاریدەدەری پزیشک ببێتە وێنەگری تیشک کە لە کاتێکدا بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ناگونجێت یاریدەدەری پزیشک بێتە وێنەگری تیشک، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی دەوام و زیاد کردنی دەرماڵە بۆیان ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی بە میکانیزمێکی زانستیانە ناونیشانی ئەو کارمەندە بەڕێزانە بگۆڕێت، لە ئەگەری زیاد دوپات کردنەوەی  ئەو خاڵە ناچار دەبین لێپێچینەوە ئیدارییەکان بە نوسراو بخەینە بەردەم ڕای گشتی.

لەخاڵی کۆتایی ڕوونکردنەوەکەی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەش هاتووە، ناچارکردنی پزیشکانی دەرمانساز بە پێدانی سەرانەو ھاوپشک کردنی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ئێمە ئەو خاڵە  وەک تۆمەت و بوختان بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دەبینین داواکارین لە پزیشکانی دەرمانساز  لە گەڵ ھەبوونی ھەر بەڵگەیەک و ھەر کارێکی لەو جۆرە ڕێگەی دادگا بگرنەبەر و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەڕێوەبەری گشتی بگرنەبەر تا ئەمەش بۆ ڕای گشتی ڕونبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە جەختیشدەکاتەوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانداین بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان نەبنە قوربانی ململانێ کەسیەکان وە داواکارییە کەسیەکان، کە بۆ خۆی مانگرتن بەسود و قازانجی کلینیک و دامەزراوە تەندروستیە ئەھلیەکان دەشکێتەوە و زەرەرمەندی سەرەکی ھاوڵاتیانی بەش مەینەتی ھەڵەبجە و دەوروبەریەتی، بۆیە لێرەوە دەرگای گفتوگۆ بەڕووی  سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی  تەندروستیدا دەکەینەوە.