دەرباز محەمەد: گۆڕان لە حکومەتدایه‌ بەڵام لە دەسەڵات نییە

کوردستان

17/06/2020‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگه‌یاند، گۆڕان لە حکومەتدایه‌، بەڵام لە دەسەڵات نییە و دەسەڵاتێک هەیە لە دەرەوەی حکومەت و هەر ئەمیش هۆکاری ئەوەیە کە هەمو داهاتەکانی هەرێمی کوردستان نەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حکومەت".

دەرباز محەمەد، ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی رووداو رایدەگەیەنێت: "چەندین ساڵە پارتی و یەکێتی نەیانتوانیووە هیچ کارتێکی گوشار بۆ رۆژێکی ئاوا دروستبکەن و ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی بەهێزی نییە دژی بەغدا بەکاریبهێنێت، یان گوشاری لەسەر بکات بۆئەوەی ناچاری رێککەوتنی بکات".

ده‌شڵێت: رێککەوتنی هەولێر لەگەڵ بەغدا دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە گۆڕان بە هەمو شێوەیەک هەوڵی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات، بەڵام رێگە نادەین لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێگەی سیاسی و دارایی هەرێمی کوردستان پارێزراو نەبێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتە، بەڵام لە دەسەڵات نییە و دەسەڵاتێک هەیە لە دەرەوەی حکومەت و هەر ئەمیش هۆکاری ئەوەیە کە هەمو داهاتەکانی هەرێمی کوردستان نەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.

ه.م