توركیا‌و ئەردۆغان چییان لە هەرێم دەوێت؟

کوردستان

20/06/2020‌ 1603 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێدوانی بەپرسانی توركیا بەوەی نیازی دروستكردنی بنكەی سەربازیی نوێیان لە هەرێمی كوردستان هەیە، پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت، كە توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتە چیان لە هەرێمی كوردستان دەوێت و بۆچی چاویان لەو بەشەی خاكی عێراق بڕیوە؟

دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی خاكی هەرێم لە ناحیەی باتوڤەی سەر بە قەزای زاخۆ، بەرپرسێكی توركی بەئاژانسی رۆیتەرزی وت: پلانی توركیا خۆی لە دروستكردنی بنكەی سەربازیی كاتی لەناوچەكەدا دەبینێتەوە، تا ڕێگە بگیرێت لەوەی ناوچە پاككراوەكان جارێكی تر بۆ هەمان مەبەست دژ بە توركیا بەكاربهێنرێنەوە.

توركیا زیاتر لە ١٠ بنكەی سەربازیی كاتی لەهەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دا هەیە، دەشیەوێت بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بنكەی سەربازیی زیاتر لەناوچەكە دروست بكات.

نەخشەی بڵاوبوونەوەی بنكە سەربازییەكانی توركیا لەهەرێمی كوردستان بەدرێژایی سنووری عێراق و توركیا و بە دەروازەی خابوورەوە تاوەكو قەزای سۆران دەگرێتەوە.

هەروەك لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و دەركەوتنی داعش، توركیا ئەو بێسەرەوبەرییەی لەناوچەكەدا قۆستەوە بۆ دروستكردنی بنكەیەكی سەربازیی لەدەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان كە دەكەوێتە ناوچەی بەعشیقە.

چاودێران پێیان وایە درووستكردنی بنكەی سەربازیی نوێ و زیادكردنی ژمارەی سەربازانی توركیا یەك ئامانجی هەیە ئەویش دەستەبەركردنی ئەوەی ئەنقەرە ناویناوە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی توركیا، كە لەسەروویانەوە ڕێگرتن لە بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی كورد لە عێراق و سوریا.

هەروەك چۆن رووبەرووبوونەوەی جوڵانەوەی كورد لە باكوور ئامانجی درێژخایەنی توركیایە، كە چەندین دەیەیە كاری بۆ دەكات، بەڵام بەشێك لە چاودێران دەڵێن ئامانجی توركیا لەوە گەورەترە، كە تەنیا مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی جەنگاوەرانی كورد بێت، بەڵكو دەیەوێت بوونی خۆی لەسەر خاكی عێراق زیاتر تۆخ بكاتەوە.

دەوترێت سینارۆیۆكە زۆر لەوە دەچێت، كە لە هەردوو وڵاتی لیبیا و سوریا روودەدات .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی