پارتی هیوای لەسەر سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا هەڵچنیوە

کوردستان

21/06/2020‌ 1538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات هیوای لەسەر سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵچنیوەو پێیوایە ئەو سەردانە دەبێتە هۆی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەیاوەری جێگرەكانی رۆژی شەممە سەردانی بەغدای كردو وەك میدیاكانی پارتی بڵاویانكردووەتەوە، ئامانج لەسەردانەكە بۆ پرسی چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدایە.

لەو بارەوە ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: سەردانی سەرۆكی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگی زۆری ھەیە و دەبێتە ھۆی ئەوەی، كە كێشەكان زووتر چارەسەر بن.

ئەحمەد سەفار وتیشی: سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەسەر ئەو ئاستە باڵایە گرنگی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە و زۆریش پێویستە، چونكە چوونی ئەو جۆرە شاندە گرنگە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنانەی دەكرێت لە لیژنەی دارایی و پەرلەمان لە بەرژوەندیی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تێپەڕێندرێت.

ئەو باسی لەوەش كردووە، كە سەرۆكی ھەرێم دەتوانێت پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ھەموو لایەنەكان دروست بكات و ڕێككەوتنێك بكات و لەو سەردانەدا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلەكان دیدار بكات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ڕێككەوتنێك لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەربارەی كێشە داراییەكان، بۆیە چوونی سەرۆكی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگی زۆری ھەیە.

ماوەی چەند ساڵێكە كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەسەر پرسی نەوت‌و بودجە هەیەو بەم دوایانەش هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەن بەرێككەوتن.

هـ ـ ح