پەرلەمانتارێك: بەرنامەی هەرێم ئەوەیە ئەو پارەیەی لەبەغداده‌وە دێت بەشی موچە بکات و هیچ پارەیەکی نەخاتەسەر

عیراق

27/06/2020‌ 994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق باس له‌وه‌ده‌كان، پلانی هەرێم ئەوەیە ئەو پارەیەی لەبەغداده‌وە دێت بەتەنها بەشی موچە بکات و هیچ پارەیەکی نەخاتەسەر. ئەگەر رێکبکەون لەباشترین حاڵەتدا بەغدا نزیکەی 500 ملیار دینار دەدات بە هەرێم، هەرێمیش بەم لیستەی ئێستای موچەخۆران پێویستی بە نزیکەی900 ملیار دینار هەیە.

له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی رێبوار کریم محمود پەرلەمانتاری عیراق نوسیوویه‌تی: لەماوەی رابردودا هەرێم چەندین رێکەوتنی لەگەڵ بەغداد کردوە، لەهەمویاندا پێویست بوە سەرەتا هەرێم نەوت بنێرێت و دواتریش بەغدا شایستە داراییەکان بە هەرێم بدات. بەڵام هیچ جارێك نەوتی نەناردوە، واتە هەرێم دەستپێشخەر بوە لە پابەندنەبون.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ئێستا هەقوانیە موچەخۆران زۆر خۆیان بە رێکەوتنی هەرێم و بەغداده‌وە سەرقاڵ بکەن، چونکە هەر رێکەوتنێکیش بكرێت و پارەش لەبەغداوە بێت، تازە هەرێم بڕیاری داوە بە چەند قۆناغێک موچەکانتان بۆ کەمدەکاتەوە".

هه‌فته‌ی رابردوو وه‌فدێكی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی به‌غدادی كرد و له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی تر كۆبووه‌وه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێككه‌وتنێك.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عێراق ده‌شڵێت: بەرنامەی هەرێم ئەوەیە ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت بەتەنها بەشی موچە بکات و هیچ پارەیەکی نەخاتەسەر. ئەگەر رێکبکەون لەباشترین حاڵەتدا بەغدا نزیکەی (٥٠٠) ملیار دینار دەدات بە هەرێم، هەرێمیش بەم لیستەی ئێستای موچەخۆران پێویستی بە نزیکەی (۹٠٠) ملیار دینار هەیە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "کەواتە چاوەڕوان مەبن بە رێکەوتنی هەرێم و بەغداده‌وه‌ موچەکانتان بگەڕێتەوە بڕی ئاسایی خۆی، تەنها چارەسەری راستەقینە گواستنەوەی موچەکانتانە لە هەرێمەوە بۆ سەر بەغدادو کۆتاییهێنانە بەم یارییە ناشیرینە بە نانی خەڵکەوە".