شاندێكى وه‌زاره‌تى دارایی و پلاندانان بۆ پرسی مووچه‌ و بودجه‌ له‌ به‌غدایە

کوردستان

31/08/2020‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ ئێستادا شاندێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری و پلاندانان له‌ به‌غدادی پایته‌خت و له‌باره‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی 2021 گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

له‌ لێدوانێكدا بۆ شارپرێس سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا شاندێكى وه‌زاره‌تى دارایی و پلاندانان له‌به‌غدادن، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى بابه‌تى به‌شه‌ بوودجه‌ى هه‌رێم له‌پرۆژه‌ى یاساى بوودجه‌ى ساڵى2021.

سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غداد له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رێككه‌وتنامه‌یه‌كیان واژۆكرد، كه‌ تیایدا تا سێ مانگ به‌غداد 320 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات و له‌ به‌رامبه‌ردا لیژنه‌یه‌كی حكومه‌تی عێراق بۆ وردبینیكردنی خاڵه‌ سنووریه‌كان سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات.

لایخۆیه‌وه‌ سه‌میر هه‌ورامى وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى راگه‌یاند: "شاندێكى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى دارایی و پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ئێستادا له‌به‌غدایه‌، به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى بنه‌ماكانى پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ى گشتى ساڵى 2021".

وتیشى: "شانده‌كه‌ تاوتوێى لایه‌نه‌كانى هونه‌رى و یاسایی له‌باره‌ى بابه‌تى به‌شه‌ بوودجه‌ى هه‌رێم ده‌كات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ڕێكاراه‌كانی‌ ‌پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو".