شارپرێس:
ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە چەند بڕیارێكی سەبارەت بە دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن دەركرد، بڕبیاریشیدا بەشە ناوخۆییەكان لە رۆژی 4-10 بەسەر ئەو خوێندكارانە دابەشبكرێت كە 40 كیلۆمەتر لەسەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی، ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە ، "سەرەتای دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی 2020 بۆ 2021 بەشێوەی ئاوێتە دەبێت و دەرسە تیۆرییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنییە و پراکتیکییەکانیش بە ئامادەبوون لە هۆڵەکاندا دەبێت".
ئاماژەبەوەشدراوە، " لە ڕۆژی 4 ی تشرینی یەکەم خوێندن بەشێوەی ئاوێتە دەستپێدەکات تا ڕۆژی 25 ی هەمان مانگ بە جۆرێک وانە تیۆرییەکان بە ئەلیکترۆنی دەبێت و وانەی پراکتیکی لە کەمپی زانکۆکەکە دەبێت بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم بەشە ناوخۆیی بەسەر خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە دابەشدەکرێت و بەشە ناوخۆیی بەو کەسانە دەدرێت کە لە سەوری 40 کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورن".
ئەوەشخراوەتەڕوو "پێویستە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران، هەروەها خوێندکاران لە کاتی دەوامی زانکۆ و لە بەشەناوخۆیی پابەندیی تەواو بن بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە.
ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە ئەوەشی ئاشكراكردووە، خوێندنی ئێواران لەناو کەمپی زانکۆ لە 4 ی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات و خوێندنی باڵا ، ماستەر لەناو کەمپ لە 11 ی هەمان مانگەوە دەستپێدەکات.