شارپرێس:
لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندن له‌په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكرایكرد، بۆ ساڵى نوێى خوێندن كرێى خوێندن له‌زانكۆو په‌یمانگه ئه‌هلیه‌كان كه‌مده‌كرێته‌وه، په‌رله‌مانتارێكیش ئاشكرایده‌كات، بۆ ئه‌مساڵ 25% كه‌مده‌كرێته‌وه.
حەسیبە گەردی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی کوردستان ئاشكرایكرد، هاوشێوه‌ى ساڵى ڕابردوو، ئه‌مساڵیش كرێى خوێندن له‌زانكۆو په‌یمانگه ئه‌هلیه‌كان كه‌مده‌كرێته‌وه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره به‌ماڵپه‌ڕى فه‌رمى پارتى وتوه:"بۆ ئەمساڵ نرخی کرێی خوێندن ٢٥% کەمده‌کرێتەوەو بڕیارەکەش دەچێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه".
وتوشیه‌تى:"پەیوەندیمان بەوەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه کردوەو ئه‌ویش قوتابیانی دڵنیاکردۆتەوە لەکەمکردنەوەی کرێی خوێندن".
سه‌باره‌ت به‌و قوتابیانه‌ش كه قیستى یه‌كه‌مى خوێندنیانداوه په‌رله‌مانتاره‌كه ته‌ئكیدیكردۆته‌وه، "ئەوان قەرەبودەکرێنەوەو لەکاتی دانی قیستەکانی داھاتوو مافی ھیچ قوتابیەک نافەوتێت، هاوكات کرێی خوێندن لەزانکۆو پەیمانگاکانی سەر بەحکومەتی ھەرێمیش کەمکراوەتەوە".