هاوپەیمانیی هیوا: ئەمەی لەپەرلەمانی عێراق ڕوویدا لێکەوتەی سیاسیەتی پارتی و یەکێتی بوو

عیراق

18/03/2021‌ 3834 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانی هیوا رایدەگەیەنێت ئەوان یەکدەنگی کورد بە گرنگ دەزانن بۆ پرسە هەستیار و گرنگەکان و نایانەویت دابەشبونی دەنگی کورد لە بەغداد ببێتە هۆی زیان بۆ مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی هیوا بە شارپرێسی راگەیاند: ئەوان بەشداریی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان نەکردوە چونکە پێیان وابووە دەنگدان بەم هەموارە و بەم ناوەرۆکەوە خزمەت بە دامەزراوەی دادگای فیدڕاڵی ناکات کە خۆی لە دەستور گرنگترە،چونکە هەر ئەم دادگایە لێکدانەوەو تەفسیر بۆ ماددەو بڕگەکانی دەستوری عێراق دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ماددەکانی تایبەت بە کورد لە دەستوردا.

سەرچاوەکەی شارپرێس لە هاوپەیمانی هیوا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕویداو ئەو دابەشبونەی هاتە ئاراوە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی هەردوو هێزی دەسەڵات و بیرکردنەوەی پارتی و یەکێتی ئەم دۆخەیان دروستکردوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سۆنگەی پابەندبونمان بە داکۆکۆی لە مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبونەوەکەمان نەکرد و پێمان وایە هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوی هەرێم لەڕوی دەستورییەوە.

ئێوارەى ئەمرۆ پەرلەمانى عێراق هەمواری یاسای دادگاى فیدراڵی پەسندکردو کوردیش بە بەدوو بەشەوە، بەشێکی کە فراکسیۆنى پارتى و هاوپەیمانى هیوا بوون بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کردو دەنگیان بە یاساکە نەدا، بەڵام فراکسیۆنى یەکێتى بەشدارى دانیشتنەکەی کرد و دەنگی بە یاساکەدا.

ئەمشەویش فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە کە سەرجەم ئەندامەکانیان بەشدارى ئەو دانیشتنەکەى پەرلەمانیان تایەبت بە پەسندکردنى یاسای دادگای فیدراڵی کردوە.

س.هـ