پەرلەمانتارێکى یەکێتی هۆشدارى دەداتە حکومەتى هەرێم

کوردستان

03/05/2021‌ 1746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکۆ گەڵاڵی ئەندامى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بەو ئامارانە بن كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان خۆی بڵاویدەكاتەوە کە  ٤٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە دەفرۆشرێیت لە ڕێگایی تورکیاوە حكومەتی هەرێم مانگانە بایی زیاتر لە ٦٧٠ ملیۆن دۆلار  واتا (٩٩١)ملیار دینار نەوتی فرۆشتووە، كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بە بێ لێبڕین ٨٩٥ ملیار دینارە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، داهاتی ناوخۆ مانگانە سەرو ٣٥٠ ملیار دینارە جگە لە پارەی هاوپەیمانان كە ٢٧ ملیار دینارەو داهاتی ئەو نەوتەی بە كۆمپانیا ناوخۆیەكان دەفرۆشرێت نزیكەی ٤٤ ملیار دینارە، هاوکات مانگانە نزیکەی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەتەنکەر ئەفرۆشن لەڕێی تورکیاوە ئەو نەوتە قورسەی ناکرێتە بۆری.

گەڵاڵی دەشڵێت، ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن كۆی گشتی داهاتی مانگانەی هەرێم لە زاری خۆیانەوە یەك تریلۆن و چوارسەدو دوانزە ملیار دینارە، كۆی گشتی مووچە بێ لێبڕین ٨٩٥ ملیار دینارە بێ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بەڕاست خێرە لێبڕینی مووچە بەردەوامە؟

هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، خوا بەرداری نیە حكومەت بەردەوامی بدات بە لێبڕینی موچە و دەست ببات بۆ قوتی فەرمانبەران لە كاتێكدا دەتوانێت هەموو مانگێك بە زیادەوە موچە دابەش بكات نەك لێیان ببڕێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەى خستەڕوو، خۆ ئەگەر بیانوی حكومەت ئەوەیە مانگانە پارەی حەقدەستی كۆمپانیاكان و کرێ بۆری نەوت و قەرزی توركیا   (٥٤٦) ملیار دیناردەبات کە گومانی زۆر لەم خەرجی نەوتەشدا ھەیە !! چەند ساڵە دەڵاڵەکانی نەوت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوتی نزیک لەو حیزبەی دەستی گرتوە بەسەر مەلەفی نەوتی بوون بە مۆرانە بەسەر قوتی خەڵکی کوردستانەوە .

ناوبراو روونیکردوەتەوە، كۆی گشتی داهاتی نەوتی و نانەوتی و ھاوکاری ھاوپەیمانان بریتیە یەك تریلۆن و چوارسەدو دوانزە ملیارە  ئەگەر پارەی حەقدەستی كۆمپانیاكان و کرێ بۆری و قەرزی توركیا ٥٤٦ ملیار دینار دەربکەین، ئەوەی دەمێنێتەوە ٨٦٦ ملیار دینارە بۆ مووچەی موچە خۆران  خەرج بکەن لەسەدا (٢)دووی مووچە كەم دەهێنێت نەك لەسەدا ٢١.

لەكۆتاییشدا ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: هەموو ئەم ژمارانە پێمان دەلێن ئەو لێبڕینە زۆرو زەوەندا ناحەقیەكی گەورەیەو دەرحەق بەو خەڵكە ڕەش و ڕووتە دەكرێت، بۆیە ئیتر بەسە كاتی ئەوەیە لێبڕینی مووچە كۆتای بێت، ئەگەر كۆتایی نەیەت دڵنیابن لەمەو دوا هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ئەم ناحەقیە قبول ناكەین.