حاكم قادر: لەكه‌ركوك هه‌ر لایه‌نێكى كوردستانى ده‌نگ بهێنێت بۆكورد گرنگه‌

کوردستان

25/09/2021‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حاکم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند  لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە یەکگرتووی نەچوونەتە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە و هه‌ر لایه‌نێكى كوردستانى ده‌نگ بهێنێت بۆكورد گرنگه‌و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ دواى هه‌ڵبژاردن به‌یه‌كگرتویی بچینه‌ به‌غدا.


حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سەردانی یەکێتی نوسەرانی کورد و دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفانی کرد ڕۆڵی نوسەرانی بەرزنرخاند لە پێشخستن و گەشەپێدانی بواری ئەدەبی و مێژووی ئەدەبی گەلەكەماندا، هەروەها ئەدەبی بەرگری لە شۆڕش و لە بواری خەباتی دیموکراسی و ئازادی و بیری ئازاددا بە پڕ بەها زانی و جەختیکردەوە ئەدیبان هەمیشە خاوەن قەڵەمی بە بڕشت و بە هەڵوێستبوون وێڕای قوربانیدانیان بۆ گەلەکەمان.

حاکم قادر باسیشی لە گۆڤاری سلێمانی کرد کە پێویستە باشتر بخرێتە گەڕ، چونکە گۆڤاری هەموو نوسەر و ڕۆشنبیر وشارەزا و پسپۆڕانە.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنیش حاکم قادر ڕایگەیاند، لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان پێکەوە نەچوینەتە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەمەش مانای ئەوەیە کە یەکگرتوو نین، بەڵام گرنگە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە یەک دەنگ و پێکەوە بچینە بەغداد بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی و دیموکراتی گەلانی عێراق و مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.

وتیشی لەم هەڵبژاردنەدا هەر لایەن و پارتێکی کوردستانی دەنگبھێنێت، بە تایبەت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كارێكی گرنگە، چونکە دەتوانێت داکۆکی لە مافە دەستوریەکانی گەلی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچانە بکات.

كورد له‌ناوچه‌كوردستانیه‌كان به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن چه‌ندكۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا بۆئه‌وه‌ى به‌یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن به‌ڵام رێك نه‌كه‌وتن و له‌ئێستادا به‌شێكى زۆرى لایه‌نه‌سیاسیه‌كان داواى یه‌كڕیزى بۆ دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.
ئ.ق