مەلا بەختیار: زۆربەی ڕەهای جەماوەر متمانەی بەم حزبانە نەماوە

کوردستان

24/10/2021‌ 1128 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى و بەرژەوەندی یەکێتى رایگەیاند، ئەم سێ ڕاستییە یەک بە یەک چارەنووسی هێزه عیراقی و کوردستانیەکان دەخاتە قۆناغێکی سەختی تاقیکردنەوەی حکومڕانی و جەماوەری بۆ؟ وەڵامەکەی ڕۆشنە ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی ڕەهای جەماوەر متمانەی بەم حزبانە نەماوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شکستیان هێناوە. تێکەڵەی حکومەتی شەرعی  و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەبەن. لەبەردەم دۆخێکی وا ئاڵۆزدا هێزە کوردستانیەکان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی کەم بەرنامەی هاوبەشیان نیە.

مەلا بەختیار باسى لەوەشکردوە، ڕەوتی مووزایەدەخوازی ناو کوردایەتی، ناو بەناو ئەم ڕاستیە بابەتیە ئۆرگانیکیە لە نێوان بەشەکانی کوردستان و پرسی دیموکراسی دەکەنە پێخۆری هەستی هەڵچوونی ناسیۆنالیزم، سەرەڕای ئەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان شکستیان خواردوە.

لە وتارەکەیدا مەلا بەختیار روونییدەکاتەوە کە دۆخی دانووستان لە عیراقدا بۆ مافە پێشێلکراوەکانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە کوردستانیەکان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی کوردستان و عیراق نەکەن، پێداگری لەسەر مافە تەسکەکانی حزبایەتی بکەن. نەک هەڵەیەکی تەکنیکی بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتیژی دەکەن. بۆیە هەلە بەقووڵی هەلومەرجەکە  لێکبدرێتەوەو بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسیش، هەوڵ بدرێت توانای هێزە کوردستانیەکان یەک بخرێت.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا ئەندامەکەى ئەنجومەنى باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتى دەڵێت، ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لە عیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسکەوتی هاوبەش بۆ کوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی کوردستان زیاتر بەدەستدێنن. بەپێچەوانەشەوە هەرهێزێکی کوردستانی، لەدۆڵێکی تەسکی حزبایەتی دەهۆڵ لێبدا بێگومان چارەنووسیان لە هەڵبژاردنی عیراق باشتر نابێت.