هاتوچۆی هەولێر لەسەر هێرشکردنە هاوڵاتییەک روونکردنەوە دەدات

کوردستان

12/09/2022‌ 515 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەیەک لەسەر هێرشکردنە هاوڵاتییەک دەدات کە لەلایەن پۆلیسێکى هاتووچۆوە هێرشی کراوەتە سەرو دەڵێت" ئەو هاوڵاتییە سوکایەتى بە پۆلیسى هاتووچۆکە کردوە".

لە روونکردنەوەکەى هاتووچۆی هەولێردا هاتووە"ئەمڕۆ لەتۆڕە کۆمەلایەتیەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کەتیایدا دەردەکەوێت کەکارمەندێکی هاتووچۆ دەستدرێژی دەکاتە سەر هاوڵاتیەک،بۆیە بەڕێز بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر بڕیاری بەدواداچونی بۆئەو ڕوداوە دەرکرد و لەلێکۆلینەوە دەرکەوت کە ڕوداوکە هەفتەیەک بەرلەئێستابوەو لەکاتێک بوە کە کارمەندەکە لەئەرک بووە".

ئاماژە بەوشەکراوە کە هاوڵاتیەکە جنێوی بە پۆلیسی هاتووچۆکە داوەو هێرشی کردۆتە سەری، چونکە ماتۆرسکیلی لێسەندراوەو کارمەندەکەش وەکو کاردانەوەیەک لەهاوڵاتیەکەی داوە.

هەروەها هاتووچۆی هەولێر دەشڵێت"لەبەر ئەوەی ڕێنمایی ئێمە بۆ هەموو کارمەندو ئەفسەرانمان ئەوە بووە کە دان بەخۆیان دابگرن، تەنانەت ئەگەر هێرشیشیان کرایە سەر، چونکە ئەرکی ئێمە پاراستنی هاوڵاتیانە لەهەموو حاڵەتەکان، ئەوکارمەندەش ئەو ڕێنماییەی پێ جێبەجێنەکراوە،بۆیە لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەر کارمەندەکە بەندکرا لەگەڵ چەند سزایەکی تری سەربازی وە لەشوێنەکەی خۆشی گواسترایەوە".

هاتووچۆی هەولێر دڵنیای دەداتە هاوڵاتیان کە ئەوان لەخزمەتی هاوڵاتیان دان و بەهیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ بیانویەک ڕێگا بەکەس نادەنن دەستدرێژیان بکاتە سەر، هاوکات داوای لێبوردنیش لەوهاوڵاتیە دەکەن ئەگەر بێ ڕێزیشی بەرامبەر بەکارمەندی ئەوان کرد بێت.

ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکى ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا کارمەندێکى هاتووچۆ لە شاری هەولێر پەلاماری هاوڵاتییەک دەدات و لێیدەدات، ئەوەش لەکاتێکدا بووە کە ئەو پۆلیسە ویستوویەتى بە زۆر ماتۆڕسکیلەکە لە هاوڵاتییەکە بسەنێت.

س.هـ