مایەی قبوڵكردن نییە.. ئەژی ئەمین هۆشداری توند دەدات

کوردستان

22/11/2022‌ 7371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لەسەر هێرشەكانی ئێران ئەژی ئەمین ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەكان مایەی قبوڵكردن نییە و ئاماژە بە پیلانگێڕیی و گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە ئەزموونی گەلی کورد دەكرێت.

ئەژی ئەمین، یاریدەدەری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەسەر هێرشەكان ئێران لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی هێرش و هەڕەشەی بەردەوام و بێ پاساوی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەروەریی خاک، ئاسایشی خەڵکی کوردستان و عێراق ئاگادار بکەینەوە.

دەشڵێت: سەرباری کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژی و پێشێلکاریی ناڕەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆماری ئیسلامی نیازی دوژمنکارانەی خۆی دەرحەق بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد و ئەزموونی هەرێمی کوردستان نەشاردۆتەوە، خەریکە بە چاوساغی دەستی ناپاکی ناوخۆ و بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی جیددی و هەنگاوی ڕاستەقینە و پێویستەوە چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو سنوورێک دەبەزێنێت، هەروەها گشت یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی دراوسێیەتی پێشێل دەکات. 

نوسیویشیەتی: ئێمە لە کاتێکدا کە داوای هەڵوێستی ڕوون و جیددی لە دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، بە پێویستی دەزانین کە هەموو لایەک لە هەستیاری بارودۆخەکە و مەترسییەکانی ئەو بێدەنگییە ئاگادار بکەینەوە.

باس لەوە دەكات، خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بەرگری ڕەواو پاراستنی خۆیان هەیە و دەڵێت: ئەم بێدەنگییە ترسناکەی حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەبوونی  هەڵوێستی جیددی لە هەمبەر ئەم دەستدرێژیی و کۆمەڵکوژییانە، بێگومان ناوچەکە بەرەو شەڕ و ململانێیەکی هەرێمایەتی و جەنگێکی گەورە دەبات و ئاسایشی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەشێوێنێت.

هەروەها، بێدەنگی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو خەمساردییە لە هەمبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمە تەواو جێگای گومانە، ئاماژە بە پیلانگێڕیی و گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە ئەزموونی گەلی کورد دەکات، هەر بۆیە هێزە شۆڕشگێڕەکان و کۆمەڵانی خەڵک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە کە ئەمە چیدی مایەی قبوڵکردن نییە.

س.س