دواجار ئێران نیه‌تى خۆى بۆ كۆتاییهێنانى هێرشه‌كانى بۆسه‌ر هه‌رێم ئاشكرا كرد

کوردستان

23/11/2022‌ 4653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا دەڵێت تاران زیاتر لە 70 بەڵگەی لەبارەی گرووپە چەکدارییەکان لە هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە، ئاشکراشی کردووە کە مۆسادی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستانەوە دامەزراوەی گرنگییان لە پارێزگای کرماشان بەئامانج گرتووە بۆیه‌ داواى بونى هێزى عێراقى له‌سه‌ر سنوره‌كانى هه‌رێم و ئێران ده‌كه‌ن.

محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بە کەناڵی "عالەم"ی ئێرانی وتووە: ئێران داوای لەحکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کردووە گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لەچەک دابماڵن و بۆئەوەش مۆڵەتێکی 10 رۆژەیان دراوەتێ.
جەختیشی کردۆتەوە کە مۆسادی ئیسرائیلی لەڕێگای هەرێمی کوردستانەوە چەندین دامەزراوەی گرنگییان لە پارێزگای کرماشان بەئامانج گرتووە، باسی لەوەشکردووە کە هێرشی وشکانیی بۆسەر بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارییەکان لەهەرێمی کوردستان لەئارادا نییە.
باڵیۆزی ئێران ئاشکرایکردووە کە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتەدا کۆبۆتەوە، هەروەک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتووە کە هێزەکانی عێراق لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بڵاوەیان پێبکرێت، بەڵام ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
ئێران له‌ماوه‌ى ڕابردوو چه‌ند جارێك بنكه‌و باره‌گاى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان بۆردومانكردو حكومه‌تى هه‌رێم داواى هه‌ڵوێست له‌كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی