حکومەتی تورکیا وێستگەکانی نەوت و کەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کرد

کوردستان

23/11/2022‌ 615 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
حکومەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێگەکانی نەوت و وێستگەکانی غازی لە تیربەسپی تا دێریک و کەمپی هۆڵ بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا ئەو شوێنانە لە خزمەتگوزاری دەرچوون و کارەباش لە زۆربەی ناوچەی جزیرە بڕدرا.

ماوەی چوار ڕۆژە دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتژمێرەکانی بەیانیەوە لە کانتۆنی شێهبایەوە تا دێریک هێرشیان کرایە سەر.
لەو چوارچێوەیەشدا فڕۆکەکانی تورکیا وێستگەی نەوتی دیجلێیان لە لادێکانی قەزای چیلاخا بۆردومان کرد لە ئەنجامدا دوو ئەندازیاری ناو وێستگەکە بریندار بوون.
جگە لەوەش فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا وێستگەی نەوتی عیودەیان لە قەزای تیربەسپی بۆردومان کرد، ئەمشەو جارێکی تر فڕۆکە جەنگییەکان هەمان وێستگەیان بۆردومان کرد.


پاشان دەستبەجێ فڕۆکەکان کارگەی دەرهێنان و دابەشکردنی غازیان لە گوندی سیوێدی کە بەشێکە لە شاری دێریک بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا لە ناوچەی جزیرە دوو کرێکار بریندار بوون و کارەباش پچڕا.
جگە لەوەش فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا وێستگەی نەوتی سێدە و زەریبە و مەشوقەیان لە باکووری قەزای تیربەسپی بۆردومان کرد.
لە هەمان کاتدا فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک وێستگەی نەوتیان لە گوندی ئەلقۆس سەر بە قەزای چیلەخا بۆردومان کرد.
هاوکات عەمباری تۆوی گەنم و گەنمەشامی لە قەزای تیربەسپی بۆردومان کرد.
تورکیا بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیەوێت ناوچەکە لە ڕووی ئابوورییەوە تووش کێشە بکات و خەڵک کۆچ بکات.


سەبارەت بەو پرسە، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی تورکیا 11 چەکدار و 15 هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لە هێرشەکان لەناوبردنی سیستەمی بەرگری و بنیاتنانی زەمینە بۆ هێرشی وشکانی، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئەنجام.
جگە لەوەش ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەی ئەو زیندانەیان بۆردومان کرد کە داعشی تێدایە لە شاری قامیشلۆ. بەمەش حکومەتی تورکیا دەیویست ئەندامانی داعش لە زیندانەکان هەڵبێن. هەروەها ئەمشەو تورکیا کەمپی هۆڵی بۆردومان کرد.
لە هەمان کاتدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورک گوندی ئێلی ئەکسە لە ناحیەی تیل کۆچەر و گوندی تیل هێمدون و مێزرا عیزەدین کۆلی لە ڕۆژئاوای قەزای ئامود و ڕێگای M4 لە باشووری ناحیەی تیربەسپی بۆردومان کرد، کە گوندی گیرقهفیک لە گیرکێ لێگێ و گوندی شیریک لە دێریک هێرشی کراوەتە سەر. لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی.


جگە لەوەش ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بنکەیەکی هاوبەشی هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی ڕووسیایان لە تیل تەمیر بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا 2 چەکداری هەسەدە کوژران و 3 چەکداریش بریندار بوون.
لە هەمان کاتدا حکومەتی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی مێسرەف کە بەشێکە لە قامیشلۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون.
هاوکات لە قەزای عەین عیسا، حکومەتی تورکیا کەمپی عەین عیسا و ڕێگای نێودەوڵەتی M4ی بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کرد.
جگە لەوەش دەوڵەتی تورک ناوەندی شاری کۆبانێ و ٧ گوندی کۆبانێی تۆپباران کرد.