شەرقولئەوسەت: یەکێتی پێشوازیی لەبڵاوکردنەوەی سوپای عێراق لەسەر سنورەکانی هەرێم دەکات

کوردستان

25/11/2022‌ 1120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس؛
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەیەکی نوێیدا ئاشکرایکردووە "بڕیاری دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی عێراقی لە سنورەکانی نێوان تورکیاو ئێران بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر خاکی عێراق، لە لەلایەن کوردەکانەوە بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی پێشوازی لێکرا".

ڕۆژنامە سعودییەکە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە "ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاری لێدرا، لە کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەی بوو".

شەرقولئەوسەت دەڵێت، ئەو بڕیارە لەلایەن یەکێتیەوە پێشوازیی لێکراوە و وەك هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە تەماشاکراوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق چوار بڕیار درا کە بریتی بوون لە، بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لە سنورەکان، دابینکردنی پشتیوانی لۆجستیکی بۆ ئەو هێزانە، مانۆڕکردن بەو توانا مرۆییانەی لەبەردەستی وەزارەتی ناوخۆدایە بۆ بەهێزکردنی بنکە سنوورییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.