ڕاوێژكارێكی مەسرور بارزانی هێرشی توند دەكاتە سەر بافڵ تاڵەبانی

کوردستان

26/11/2022‌ 6074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ڕاوێژكارێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر كۆبونەوەكەی دوكان ڕایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام  دەبێت باش ئەو راستییە بزانێت، كە هەموو ئەوانەی لە رابردوودا دژی هەرێمی كوردستان بوون، شكستیانهێناوە.


کاروان محەمەد سابیر، راوێژکاری مەسرور بارزانی لەبارەی كۆبونەوەكەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و حزبەكانی هەرێمەوە لە دوكان بە ناونیشانی "بۆمبەكەی (دوكان)یش پوچەڵ دەكەینەوە" نوسیویەتی: بافڵ تاڵه‌بانی، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی بەشێك لە حزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، نامه‌ی (جه‌میل بایک)ی سه‌رکرده‌ی په‌که‌که‌ی خوێندۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها نامەی دەنگیی (مەزڵوم كۆبانی) لێداوەتەوە، كە ئەو دوو سەركردەی پەكەكە، بانگهێشتی كۆبوونەوەكەی دوكان كراون، بەڵام نەیانتوانیوە ئامادەبن!

دەشڵێت: پێتان سەیر نەبێ، كە بافڵ تەنها پەكەكەی بانگهێشتكردووە، نە حزبەكانی رۆژهەڵات، نە حزبەكانی تری رۆژئاوا و باكووری كوردستانی بانگهێشت نەكردبوو، چوونكە ئەوەی بافڵ پیلانی بۆ داناوە، دژایەتی هەرێمی كوردستانە، بە پشتیوانی دوژمنانی هەرێم.

باسی لەوەشكردووە، ئەگەرچی نوێنەری پەكەكە لە كۆبوونەوەكە بووە، بەڵام ئەگەر پیلانگێڕی نەبێ، بانگهێشتی جومعە و مەزڵوم بۆ چییە؟ لە كاتێكدا بافڵ حزبەكانی وەها بانگهێشتكردبوو، كە بۆ بابەتی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمە، پەكەكە چ پەیوەندی بە كێشەی یەكێتی هەیە لە ناوخۆی هەرێم؟

ڕاوێژكارەكەی مەسرور بارزانی نوسیویشیەتی: خەڵك باش دەزانێ، بافڵ تاڵەبانی پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بافڵ دەبێت باش ئەو راستییە بزانێ، كە هەموو ئەوانەی لە رابردوودا دژی هەرێمی كوردستان بوون، شكستیانهێناوە، هەرچەندە لەناو كۆبونەوەكەشدا، وەڵامی بافڵ دراوەتەوە و بیرۆكە و رایەكانی رەتكراوەتەوە، بەڵام ئەو بۆمبەی دوكان، وەك هەموو بۆمبەكانی رابردوو، پوچەڵ دەكەینەوە.

لە كۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت: ئێستاش وەك رابردوو، پێشمەرگە و خەڵك و جەماوەری بێشوماری دڵسۆز، بە خوێن بەرگری لە خاك و قەوارەكەیان دەكەن، بۆیە باشترە كەس سەر لە بەرد نەدا و یاری بە ئاگر نەكات.

قسەكانی ڕاوێژكارەكەی مەسرور بارزانی هاوكاتە لەگەڵ ئەو هێرشە میدیاییەی كە میدیا نزیك و سێبەرەكانی مەسرور بارزانی لە دوای كۆبونەوەكەی دوكانەوە بۆسەر بافڵ تاڵەبانی دەستیان پێكردووە.

س.س